كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیھان ڕوو لە ھەرێمی كوردستان دەكەن

كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیھان ڕوو لە ھەرێمی كوردستان دەكەن
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كورستان بۆ كاروباری وزە گوتی، جارێكی دیكە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیھان بۆ وەبەرھێنان لە كەرتی نەوتدا ڕوو لە ھەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمەیش بە ھۆی دوو ھۆكارە، ئەوانیش سەقامگیریی ھەرێمی كوردستان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیھاندا.

بە ھۆی شەڕی داعش و ئەو ئاڵۆزیانەی لە ناوچەكە دروست ببوون، بەشێك لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت كارەكانیان لە ھەرێمی كوردستان راگرتبوو، بەڵام لە ئێستادا جارێكی دیكە كۆمپانیا زەبەلاحەكان ڕوویان لە ھەرێم كردووەتەوە و كاری وەبەرھێنانی نەوت دەكەن، ھەرێمی كوردستانیش كۆمەڵێك بلۆكی نەوتی راگەیاندووە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان كاری تێدا بكەن و جگە لەوەش، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھان بەرز بووەتەوە، ئەمەیش وای كردووە زیاتر كۆمپانیاكان ھان بدرێن بێنە ھەرێمی كوردستان.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كورستان بۆ كاروباری وزە، د. بێوار خنسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەردەوام كۆمپانیاكانی نەوت دەچنە ئەو شوێنانەی كە ئارامن و، شەڕی داعشیش كاریگەریی زۆری ھەبوو و دوای نەمانی داعش حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەندێك بلۆكی نەوتی راگەیاند بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان بێن كاری تێدا بكەن و، ئێستا چەند كۆمپانیایەك ھاتوون و بە تایبەت ڕووسنەفت ھاتووە كار لە پێنج بلۆك دەكات، جگە لەوەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت فاكتەرێكی دیكەیە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان ھان بدات وەبەرھێنان لە كەرتی نەوتدا بكەن".

خنسی، گوتیشی: "كۆمپانیاكانی نەوت دەچنە ئەو شوێنانەی كە نەوتیان زۆرە و یەدەگی نەوتیی زۆریان ھەیە، ھەرێمی كوردستانیش بەمە دەوڵەمەندە، بۆیە ھەرێم بووەتە ئامانجی كۆمپانیای ڕووسنەفت و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی دابێ دەست بە وەبەرھێنان بكات و ھەوڵیش دەدەن بۆریی گازی سرووشتی رابكێشن، چونكە ھەرێمی كوردستان وەكو وڵاتانی دیكە نییە و ھەر چەندە بیانەوێت ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت زیاد دەكەن و لە وڵاتێكی وەكو ئیمارات جگە لە رێژەیەكی دیاریكراو، ناتوانن لەوە پتر بەرھەمھێنانی نەوت زیاتر بكەن، بەڵام ھەرێمی كوردستان سنووری نییە بۆ بەرھەمھێنانی نەوت".

ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، كێشەی نێوان ئەمەریكا و ئێران وا دەكات نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت، چونكە ئێران رۆژانە ٣ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە دەكات و ئەگەر ملیۆنێك كەم بكات، كاریگەریی زۆری دەبێت، جگە لەوەش ئێران ھەڕەشە دەكات ئەگەر گەمارۆی سەر ئەوان بەردەوام بێت، رێگە نادەن نەوت بۆ بازاڕەكانی جیھان بڕوات و ئەگەر یەك حەفتە ئەم كارە بكەن، نرخی یەك بەرمیل نەوت لە ١٠٠ دۆلار تێپەڕ دەكات.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كورستان بۆ وزە راشیگەیاند، ئەگەر شەڕی داعش و دۆخە ئاڵۆزەكە نەھاتبووایە پێش، حكوومەتی ھەرێم پلانی ھەبوو لەمساڵدا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ٢ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز بكاتەوە، بۆیە ئێستا جارێكی دیكە دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە و ھەوڵەكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوامن، حكوومەتی عێراقیش لە ھەوڵدایە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی رێككەوتن لەبارەی نەوتی كەركووكەوە بكەن، چونكە ئەگەر كاری تێدا بكرێت، دەتواندرێت ڕۆژانە بۆ یەك ملیۆن بەرمیل ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی كەركووك بەرز بكرێتەوە، ئەمەش لە رێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمەوە رەوانە دەكرێت، لەبەر ئەوەی عێراق ترسی ھەیە ئەگەر لە رێگەی كەنداو رێگری لە ھەناردەكردنی نەوت كرا، بۆریی نەوتی ھەرێم بكاتە بەدیل و نەوتی خۆی پێ ھەناردە بكات.

دەشڵێ، بەو شێوەیەی ئێستا بەرهەمهێنان بەردەوام بێت، ئاستی بەرھەم ھێنانی نەوت زۆر زیاد دەكات و دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستانیش رۆژ بەرۆژ بەرەو باشتر دەچێت، بۆیە ھەموو ئاماژەكان بۆ ھەرێمی كوردستان دڵخۆشكەرن.

kdp -
Top