"ئەو بەنزینەی لە بەغداوە بۆ هەولێر دێ بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیشی دەدەن"

بەشەبەنزینی دووەم گەیشتووەتە هەولێر و قایمقامی هەولێریش ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەن ناردنی بەنزین لە بەغداوە بەردەوام بێت، تاوەكو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانیش بێبەش نەكرێن.

بەشی یەكەمی بەنزین كە لە بەغداوە بۆ هەرێم هات، بڕی دوو ملیۆن لیتر بوو و بە نرخی ٦٤٠ دینار بۆ هەر لیترێك دەفرۆشرایە ئۆتۆمبێلە تەكسییەكان. نەبەز عەبدولواحید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ڕۆژێكە بەشی دووەمی بەنزین لە بەغداوە دێت و تا ئەمڕۆش بەردەوامە".



لەبارەی بەردەوامبوونی ناردنی بەنزین لە لایەن بەغداوە، نەبەز ئاماژەی بە هەوڵەكانیان كرد لەگەڵ بەغدا، هاوكات خودی پارێزگاری هەولێریش بەردەوام هەوڵی دابینكردنی بەشەبەنزین لەگەڵ بەغدا دەدات، گوتیشی: "گفتوگۆ و داواكارییەكان بەردەوامە و بەغدا بەڵێنیان داوە بەردەوام بن، بەڵام ئەوەش جارێ بەڵێنە و دوو بەش بەنزینیان ناردووە، بۆ داهاتووش نازانین بەردەوام دەبن، یان نا".



قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاشكرای كرد، كەوا ئەو بڕە بەنزینەی ئەمجارە هاتووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بڕی یەك ملیۆن و دوو سەد لیترە، ڕەتیشی كردەوە كە كوالێتیی بەنزینەكە خراپ بێت، وەك هەندێ لە شۆفێرانی تەكسی ئاماژەیان بۆ كردووە، پێی وایە كوالێتیی بەنزینەكە زۆر باشە و بێكێشەیە و لە بەنزینەكانی بازاڕیش باشترە.



ئەو، نەشیشاردەوە ئەگەر بەغدا لە ناردنی بەنزین بەردەوام بوو، هەوڵ دەدەن ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانیش بێبەش نەكرێن و پێیان بدرێت، سەبارەت بە نرخی یەك لیتر كە ٦٤٠ دینارە، گوتی، ناتوانن دەستكاریی نرخ بكەن، بەو پێیەی لە بەغداوە بەو نرخە دێتە هەرێمی كوردستان.



kdp _
Top