دوای ٣٥ ساڵ جینۆسایدكردنیان هێشتا ڕۆفاتی زۆری قوربانیان لە بیابانەكانی عێراقە
لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣ێ بە پیلانێكی پێشتر بەرنامەبۆداڕێژراو حكوومەتی ئەو كاتی بەعس بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەددام حوسێن و قیادەی بەناو شۆڕش لە ڕێگەی ئەمنی شیمالەوە هەڵمەتی ڕەشبگیری بارزانییەكان دەستی پێ كرد و لە هەریەك لە كۆمەڵگەكانی قوشتەپە، بەحركە، هەریر و دیانا هەشت هەزار هاووڵاتیی سڤیلی بارزانی جینۆساید كران.
هادی سێلكی، یەكێك لەو بارزانیانەی باوكی بەر هەڵمەتی جینۆسایدی بارزانییەكان كەوتووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "تەمەنم چوار ساڵ بوو كاتێك ڕژێمی بەعس باوك و مام و خاڵ و بەشێك لە كەسوكاری منیان دەستگیر كرد و دواتر بەرەو بیابانەكانی عێراق بران و زیندەبەچاڵ كران، بێگومان لەو تەمەنەدا دایكم بە دەردەسەری و نەبوونی و لە ژێر حوكمی زاڵمانەی بەعسدا منی پەروەردە و بەخێو كرد، ئێستا كە ئەو ڕۆژانە دێنمەوە بەرچاوی خۆم سەیرم دێت چۆن ژیاین و ماوین."
سەددام حوسێن، سەرۆكی گۆڕبەگۆڕی ڕژێمی بەعس خۆی ددانی بەوەدا نا كە تاوانی بەرامبەر بارزانییەكان ئەنجام داوە و ئەوەش بەڵگەیەكی مێژووییە لەسەر دڕندەییی بەعس بەرامبەر بە گەلی كورد.
هادی سێلكی دەشڵێت: "بەداخەوە كەسوكارمان لێ جینۆساید كرا، ئەو كارەساتەمان بەسەردا هات، ئەوە بابەتێكە و چەندی باسی لێوە بكەین قەت تەواو نابێت و چیرۆكێكی پر تراژیدییە، بەڵام سەیر لەوەدایە تا ئێستا حكوومەتی عێراق ئامادە نییە هاوكاریمان بكات بۆ هێنانەوەی ڕۆفاتی كەسوكارمان، ئێمە لە سۆزی باوكایەتی بێبەش بووین لە گۆڕەكەشی هەر بێبەشین، داواش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین فشار بخاتە سەر بەغدا تا كەسوكاری قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەكان قەرەبوو بكرێنەوە، وەك دادگا بڕیاری لێ داوە."
محەمەد ساڵح، هاووڵاتییەكی دیكەی بارزانییە دەڵێ: "لە كاتی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالی بارزانییەكاندا لە كۆمەڵگەی زۆرەملێی بەحركە نیشتەجێ بووم كاتێك زانیمان بەعس پیلانی هەیە دژی بارزانییەكان ئێمە ژمارەیەك گەنجی بازرانی ئەو شوێنەمان بەجێ هێشت و بەرەو شاری مووسڵ چووین، تا بەعس زەفەرمان پێ نەبات و نەكەوینە داوی دەزگا سیخۆڕییەكانییەوە، شەو لە مووسڵ خۆمان دەشاردەوە و بە ڕۆژیش كارمان دەكرد، تا پێی بژین."
هەدار بارزانی، پارێزەری كەیسی بەجینۆسایدناساندانی بارزانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٠٤ یەكەم دانیشتنی كەیسی دادگاییكردنی سەرانی ڕژێمی بەعس لەبارەی تاوانی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان دەستی پێ كرد، كە تێیدا ٤١ دانیشتنی دادگا بەڕێوە چوون و زیاتر لە هەشتا سكاڵاكار و شارەزا بەشدارییان كرد، چەندین بەڵگەنامە لەسەر تاوانی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە خرانە بەردەم دادگا و لە ئەنجامدا لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١١ دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڕیاری كۆتایی لەسەر كەیسی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان دەركرد."
ئەو پارێزەرە گوتی: "بڕیارەكەی دادگادا چەند بەشێك لەخۆ دەگرێت و تێیدا هاتووە: ناساندنی كەیسی ئەنفالی بارزانییەكان بە تاوانی جینۆساید، هێنانەوەی ڕۆفاتی قوربانیانی بارزانی بۆ هەرێمی كوردستان، ئەویش لە لایەن دەستەی مافی مرۆڤی عێراقەوە، یەكێك لە خاڵەكانی دیكەی نێو بڕیارەكە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری جینۆسایدكراوەكانە، زۆر كارمان كردووە، بەڵام بەغدا هاوكار نەبووە بۆ قەرەبوكردنەوەی بارزانییەكان."
kdp-
