سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە مەلیکە مەزان کرد
خاتوو مەلیکە مەزان، نووسەر و شاعیرێکی گەلی ئەمازیغییە لە باکووری ئەفریقیا. بەردەوام لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شیعرەکانییەوە پشتگیریی گەلی کوردستان دەکات و پێشمەرگە بە سیمبولی ئازادیخوازی دادەنێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، رۆژی سێشەممە 31/7/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە خاتوو مەلیکە مەزان، شاعیر و نووسەری گەلی ئەمازیغ کردووە.
مەلیکە مەزان لە دیدارەکەدا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ”ئەوە بۆ من شەرەفێکی گەورەیە لەگەڵ سەرکردەیەکی گەورەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلان و سەرۆکێک، کە لەپێناو مرۆڤایەتیدا سەرکردایەتیی شەڕی دژی تیرۆریستانی کردووە دانیشتووم“ و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و قارەمانێتی پێشمەرگەی کوردستان و خۆڕاگریی گەلی کوردستان هەبوو و وەک نموونەیەکی زیندووی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی پێناسەی کوردستانی کرد.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، ڕێز و پێزانینی بۆ هەڵوێستە مرۆڤانە و ئازایەنە و دۆستانەکانی خاتوو مەزان نیشان داوە و بۆ ئەو نووسین و دەربڕینانەی وەک بەرگریی لە گەلی کوردستان خستوویەتییەڕوو، سوپاسی کرد.
باسنيوز
