دژی كەمكردنەوەی كورسیی كۆتاكان، مەسیحییەكان لە بەردەم پەرلەماندا گرد بوونەوە

 	 دژی كەمكردنەوەی كورسیی كۆتاكان، مەسیحییەكان لە بەردەم پەرلەماندا گرد بوونەوە
- ئەمڕۆ ژمارەیەك لە مەسیحییەكان لە بەردەم پەرلەمانی كوردستاندا گردبوونەوەیەكیان لەبارەی ھەوڵی چەند لایەنێك بۆ كەمكردنەوەی كورسیی كۆتای مەسیحییەكان رێك خست، نوێنەرێكی مەسیحییەكانیش دەڵێ، فراكسیۆنێك پڕۆژەیەكی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، كە بەو شێوەیەی ئەوان دەیانەوێت، مەسیحییەكان لە كورسی بێبەش دەبن.

وەحیدە یاقۆ ھورمز، نوێنەری مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ مەسیحییەكان لە بەردەم پەرلەمانی كوردستاندا گردبوونەوەیەكیان رێك خست بۆ دوو مەبەست، یەكەم تۆمارێكی تایبەت بە دەنگدەرانی مەسیحی دابنرێت، كە ئەمەیان لە ئێستادا ئەستەمە بكرێت، چونكە پێویستە یاسا ھەموار بكرێتەوە، ئەوەی دووەمیش دژی كەمكردنەوەی كورسییەكانی كۆتای مەسیحییەكانە، چونكە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان پڕۆژەیەكی لەبارەی كەمكردنەوەی كورسیی كۆتاكان پێشكەش كردووە و ئێمەش رەتمان كردووەتەوە".

ھورمز گوتیشی: "بەپێی پڕۆژەكە، پێویستە ھیچ نوێنەرێك لە پێنج ھەزار دەنگ كەمتر بەدەست نەھێنێت و ئێستاش ژمارەی مەسیحییەكان كەمە، بۆیە ھیچ نوێنەرێكی مەسیحی ناتوانێ سەركەوێ بۆ پەرلەمان، ئەمەیش بۆ ئەوەیە كە مەسیحییەكان نەیەنە پەرلەمان و پەرلەمان ببێتە پەرلەمانێكی كوردیی بێ پێكھاتەكان".

نوێنەری مەسیحییەكان لە پەرلەمان، دەشڵێ: "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە فراكسیۆنی پارتی بە ھەمان شێوەی پێكھاتەكان پڕۆژەكەی رەت كردووەتەوە و رازی نییە ئەو پڕۆژە سەر بگرێت، بۆیە ئێستا پڕۆژەكە لە پەرلەمانە و گفتوگۆی لەبارەوە نەكراوە".
kdp-
Top