گۆڕانکاریی نوێ لە ناو دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناو وەزارەتەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دەست بە جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکانی ناو وەزارەت کراوە، ئێستا گۆڕانکاری هەم لەناو دیوانی وەزارەت و هەم لە ناو لیواکاندا دەستی پێکردووە، ماوەیەک لەمەوپێش چەند پۆستێک گۆڕان و هەفتەی ڕابردووش چەند پۆستێکی دیکە گۆڕدان و ئەم هەفتەیەش فەرمانی گۆڕینی چەند پۆستێکی دیکە دەرکراوە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە گۆڕانکارییەکان هەموو ئاستە جیاوازەکان دەگرێتەوە، وەک بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەر، فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فەوج، هەرچەندە ماوەیەکی زۆر پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز نەکرابووەوە بۆ ئەوەی پلەی شایستە بەو ئەفسەرانە بدرێت، ئەوەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی دارایی نووسراوێکی لەسەر وەستاندنی پلە بەرزکردنەوە بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو دامودەزگاکان ناردبوو.
جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە ئاشکراشی کرد: "پێش دوو هەفتە خشتەی پلە بەرزکردنەوەکانی ساڵی ٢٠١٦ بۆ ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانە کراوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت، خشتەکانیش تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە ناگرێتەوە، بەڵکوو هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و بەرگریی فریاکەوتن و زێرەڤانیش دەگرێتەوە، هەورەها ئێستا کار لەسەر خشتەی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ش دەکەین، بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەین".
باسنیوز
