د. سەباح بەرزنجی: گەلی ئێمە لێبووردەیی و پێکەوەژیان دەخوازێ، توندڕۆیی ڕەت دەکاتەوە

 	 د. سەباح بەرزنجی: گەلی ئێمە لێبووردەیی و پێکەوەژیان دەخوازێ، توندڕۆیی ڕەت دەکاتەوە
کەسایەتییەکی دیاری ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە گەلی کوردستان لەگەڵ توندڕۆیی بێت و دەڵێ، نابێت ھیچ ڕووداوێک کاریگەری لەسەر پرسی پێکەوەژیان و لێبۆردەیی ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان و زۆرینەمان لەگەڵ پێکەوەژیانین.

بیری توندڕۆیی لە وڵاتانی دەرەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە و سەرباری ئەوەی کورد لەگەڵ پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایییە، بەڵام لە ھەندێ وڵاتەوە زۆرجار ئەو بیرە توندڕۆییەی جیھانی تۆقاندووە و گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستانیش. لەو بارەیەوە دکتۆر سەباح بەرزنجی، کەسایەتیی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "توندڕۆیی دیاردەیەکی جیھانییە و تایبەت نییە بە وڵاتی ئێمە و ئیسلام، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ئێستا ڕووداوەکان زیاتر لە وڵاتانی ئیسلامین، زیاتر چاوی جیھان لەسەر ناوچەی ئیسلامە، پێم وایە توندڕۆیی بۆ پەروەردەی ناتەندروست دەگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر پەروەردە بە ژینگەیەکی خراپدا گوزەری کرد بیری توندڕۆیی گەشە دەکات، بەتایبەتی وڵاتی ئێمە کاریگەریی گەلێک ڕووداوی لەسەرە. ھەرچەندە میللەتی کورد، میللەتێکی لێبۆردە و ئاشتیخوازە، زۆرینەمان لێبۆردەیی و پێکەوەژیان دەخوازین، پێم وایە نابێت ئەو ڕووداوانەی ڕابردوو کاریگەریی بکەنە سەر گیانی تەبایی و پەیوەندیی نێوان پێکھاتەکان. دەشتوانین بە ئارامی چارەسەری ھەموو کێشەکان بکەین."

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی زانایانی ئایینی و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بەردەوام کاری بۆ نەھێشتنی بیری توندڕۆیی كردووه‌، هه‌روه‌ها ڕێگر بووه‌ له‌ جێبەجێکردنی ئەجێندای ھەندێ لایەنی ئیسلامیی توندڕۆ. دکتۆر سەباح بەزرنجی، کە ئەندامی بۆردی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییە دەڵێت: "تا ئێمە بۆمان بکرێت ناھێڵین کەس لەسەر بیری توندڕۆیی پەروەردە بکرێت، چونکە پەیامی زانایانی ئایینی و وەزارەتی ئەوقاف و خەڵکی ڕۆشنبیری وڵاتی ئێمە ڕەتکردنەوەی بیری توندڕۆیییە و ھەموومان دەڵێین نەخێر بۆ توندڕۆیی و تێکدان و فەوزا و بشێوی."

دکتۆر سەباح بەرزنجی ڕوونی کردەوە: "ئێمە لە بۆردی وەزارەت مانگانە کۆبوونەوەی تایبەت بە خۆمان ھەیە و لە کۆبوونەوەی دابێدا بابەتی توندڕۆیی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت، تا بکرێ میللەتەکەمان دڵنیا بکرێتەوە لەوەی خەڵکی کوردستان جگە لە لێبۆردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان ھەموو بیرێکی توندڕۆیی ڕەت دەکاتەوە."
kdp -
Top