"دەیانەوێ کورد لە کەرکووک هیچ پۆستێکی نەمێنێ"

ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکووک دەڵێ، بەغدا له ‌كه‌ركووك به‌رده‌وامە له‌ لادانی به‌رپرسانی كورد و دانانی عه‌ره‌بە له ‌شوێنیان. دەشڵێ هەر بەڕێوەبەرێک لاببرێت دەبێ لە ئەنجومەنى پارێزگا دەنگى لەسەر بدرێت، ئەنجومەنى عەرەبیش لە کەرکووک ئیدانەى دابەشکردنى ئەو پۆستانە دەکەن لەو پارێزگایە.

دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك تێك چووە، جیا لەوەش هەرچى پلە و پۆستی ئەو پارێزگایەیە لە کوردیان وەرگرتووەتەوە و داویانەتە عەرەب و تورکمان، ئەمە لە کاتێکدایە، هیچ هۆکارێک نەبووە بۆ لابردنى ئەو پلە و پۆستانە، تەنیا هۆکار کوردبوونە، ئەمڕۆش شاندێكی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌ پردێ له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی ڕێگای هه‌ولێر بۆ كه‌ركووك كۆ دەبنەوە و بڕیارى کردنەوەى ئەو ڕێگایە دەدەن.

بەڕێوەبه‌ری گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووك، كه‌ كورده‌ له ‌پۆسته‌كه‌ی دوور خراوەتەوە و نزیکەى ٢٣ پۆستیان لەو بەڕێوەبەرایەتییە لە کورد سەندووەتەوە. لە هەمان کاتدا عەرەبەکانی نێو پاریزگاری کەرکووک بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و، ئیدانەى دابەشکردنى ئەو پۆستانە دەکەن لەو پارێزگایە و ڕایانگەیاندووە چیی تر ستەممان لێ بکرێت ئەوا پەرچەکرداریان دەبێت.



لە لێدوانێکدا فوئاد حوسێن کوێخا، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "کەرکووک فەرامۆش کراوە لە هەموو ڕووەکانەوە، بەتایبەت لە ڕووى ئەمنى و خزمەتگوزارییەوە، حکوومەتى عێراق کار لەسەر لابردنى سەرجەم پۆستە ئیدارییەکان دەکات و دەیەوێت هەرچى پۆستە لە کوردى بسەنێتەوە، دەبینین دواى ١٦ى ئۆکتۆبەر ئیدارەى پارێزگاى کەرکووک بە پشتبەستن بە حکوومەت لە هەوڵى لادانى کۆى بەڕێوەبەرایەتییەکاندایە".



کوێخا، ئاماژەى بەوەش کرد: "ئێستا لە پارێزگاى کەرکووک ٢٠ پۆستى ئەمنى ئیدارى لە سەنتەرى کەرکووک لادراوە و گەورەترین پۆستەکان لە پارێزگار و، بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەرێوەبەرایەتییەکانى پۆلیسى قەزا و ناحیەکانە، لەم ماوەیەشدا بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیان لابرد، جگە لەوە لە قەزا و ناحیەکانیش پلە و پۆست لە کورد دەسەندرێنەوە، ئەمە بەدەر لە یاسا و دەستوورە، هەر بەڕێوەبەرێک لاببرێت دەبێ هۆکارى خۆى هەبێت، دەبێ لە ئەنجومەنى پارێزگا دەنگى لەسەر بدرێت، ئەگەریش ئەو کەسەی کە لادراوە کورد بێت دەبێ کوردێکیش لە شوێنى دابنرێتەوە، نەک بە نەتەوەیەکى تر پڕ بکرێتەوە".

لەسەر هەڵوەشاندنەوەى پۆلیسی قەزا و ناحیەکانى کەرکووکیش گوتیى: "فەراغێکى ئەمنى دروست بووە لە پارێزگاى کەرکووک، چونکە پۆلیسى قەزا و ناحیەکان ڕۆڵێکى یەکجار بەرچاویان هەبووە، بە شاهێدى عەرەب و تورکمان، هەروەها لە سنوورى باشوور و باشوورى ڕۆژئاواى کەرکووک ڕۆڵێكی بەرچاویان ھەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا، بەتایبەت لەناوبردنى گرووپە تیرۆرستییەکانى ئەو ناوچەیە".

سەبارەت بە کردنەوەى ڕێگاى نێوان هەولێر-کەرکووک ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکووک ڕایگەیاند: "هیوادارین ئەو ڕێگایە بکرێتەوە، چونکە لە ڕووى ئابوورییەوە گرنگیى خۆى هەیە و کارئاسانى دەبێت بۆ هاوەڵاتییان، ئەوەى گرفت دروست دەکات زیاتر ئیدارەى کەرکووک و حکوومەتى عێراقە، هیوادارین بگەنە لێکتێگەیشتنێک بۆ کردنەوەى ئەو ڕێگایە، چونکە سوودى بۆ هەولێر، کەرکووک و ناوچەکانى تریش دەبێت".
kdp -
Top