"بە جێگیرکردنی فیدڕاڵیی تەواو لە عێراقدا کێشەکان چارە دەبن"
حكوومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق سەرەڕای هەبوونی بودجەیەكی گەورە و داهاتێكی بێسنوور، كەچی هێشتا دانیشتوانی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەدەست نەبوونی چەندین خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن، لەو چوارچێوەیەشدا ماوەی نزیكەی 3 هەفتەیە خەڵكی شەش پارێزگای عێراق بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەكانەوە خۆپێشاندان دەكەن و داواكارن لە حكوومەتی عێراق بەدەم داواكارییەكانەوە بچێت.
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "هۆكاری خۆپێشاندانی هاووڵاتییانی عێراق بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دەگەڕێتەوە و، بە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما خەڵك زیاتر پێویستیان بە كارەبا و ئاو هەیە، هەروەها پێكنەهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق گوشارێكی دەروونیی خستووەتە سەر تاكی عێراقی، چونكە ئێستا عێراق لە بۆشاییی یاساییدایە و كاریگەریی لەسەر ڕەوشی وڵات پەیدا كردووە، بۆیە مافی خەڵكە كە داوای داخوازییەكانی خۆیان بكەن، هەموو داخوازییەكانی ئەوان داخوازیی شەرعی و یاسایین، چونكە خەڵكی ئەو ناوچانە كێشەیان لەگەڵ خزمەتگوزارییەكان هەیە، بۆیە ئەگەر ڕەوشەكە هەر بەوشێوەیە بێت و داخوازییەكانی خەڵك جێبەجێ نەكرێن خۆپێشاندانەكان فراوانتر دەبن و دۆخی عێراق لەدەست هەمووان دەردەچێت."
دۆسكی گوتیشی: "پەسەندنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەو كێشە سیاسییانەی كە لە ناوچەكە هەن، وڵاتانی ناوچەكەش دەوری خۆیان هەیە، دەستیان لە پشت خۆپێشاندانەكانەوە هەیە".
لە لایەكی دیكەوەم غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەییی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "لە ڕاستیدا ئەو دەسەڵاتەی كە ئەمڕۆ دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە و حوكمی عێراق دەكات، دەسەڵاتێك بووە تەنیا خەریكی خۆدەوڵەمەندكردن و تاڵانكردن بووە، خەریكی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و خەریكی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی نەبووە، بۆ تەواوی گەڵانی عێراق، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ دەبینین لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق، ناڕەزایی هەیە و خەڵك دژی ئەو حكوومەتە گەندەڵە هاتووەتە دەنگ."
مەخمووری دەشڵێت:" ئەو شێوازە حوكمڕانییەی كە حوكمی عێراق دەكات لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، شێوازێكی زۆر ناعادیلانە بووە، سەرەڕای نەبوونی دەسەڵات بەسەر تەواوی عێراقدا، بەڵام بەردەوام هەڕەشە بووە بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق، هەڕەشە بووە بۆ سەر دەوروبەر، بۆیە ئەو شێوازە حوكمەی كە لە عێراق هەیە، سەردەمەكەی بەسەرچووە و نەماوە، لە دوای ساڵی 2003 ئەوەندەی عێراق بەرەو وێرانی ڕۆیشتووە، ئەوەندە بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی هەنگاوی نەناوە".
kdp-
