یەکێتیی مامۆستایان بۆ دیاریكردنی گرفتە پەروەردەییەكان كۆنفرانسێك دەبەستێت
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند: "چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە زیاتر كار و هەنگاوەكانمان بۆ چارەسەركردنی مووچە بووە و كەمتر فریای دەستنیشانكردن و چارەسەكردنی گرفتەكانی پەروەردە و خوێندن كەوتووین، لە كاتێكدا كە هەر بەهۆی قەیرانی داراییەوە گرفتەكان زۆر بوون".
جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "بۆ ئەو مەبەستە بەنیازن لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆنفرانسێك ببەستن كە ژمارەیەك مامۆستای ئەزموندار و بەڕێوەبەری قوتابخانەو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و مامۆستای زانكۆ تێیدا بەشداری دەكەن و بە هەموویان گرفتەكانی وەك گرفتی دانەمەزراندن و میلاكی قوتابخانەكان و كەمیی بینای خوێندن و خوێندنی ئەهلی و زۆر بواری دیكە دیاری دەكەین و ڕێگە چارەسەرییەكانیشی دەستنیشان دەكەین".
عەتا ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد هەموو ئەو گفتوگۆیانە لەسەر گرفت و چارەسەركردنی كێشەكانی باری پەروەردەیی و بواری خوێندنی باڵا دەكرێنە دوو ڕاپۆرت و بەمەبەستی دانانی پلانی چارەسەرەكردنیان دەدرێن بە هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
باسنیوز
