کۆمسیۆن: هەموو قەوارە سیاسی و هاوپەیمانییەکان لیستی کاندیدەکانیان ڕادەست کردووە
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، کە ٢٩ قەوارە سیاسییەکە و هاوپەیمانییەکان لیستی ناوی کاندیدەکانیان ڕادەستی کۆسیۆن کردووە وادەکەش کۆتایی پێهاتووە.
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژانامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کە ٢٩ قەوارە سیاسییەکە و هاوپەیمانییەکان لیستی ناوی کاندیدەکانیان ڕادەستی ئۆفیسی نیشتمانی و پارێزگاکان کردووە".
ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩\٧\٢٠١٨ تا دوو ڕۆژی دیکە دەست دەکرێت بە پرۆسەی وردبینیی ناوی کاندیدەکان، پاشان بە نووسراوی فەرمی لیستەکان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن بۆ وردبینی و دڵنیابوونەوە، دوای گەڕاندنەوەی لیستەکانیش ئەوا ئەنجومەنی کۆمیسیاران بە فەرمی پەسەندیان دەکات.
گوتەبێژی کۆمسیۆن ئاشکراشی کرد: "لەسەر پێشنیار و داواکاریی بەشێک لە قەوارە سیاسییەکان، داوا کراوە کە هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر نەبێت، بۆیە ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەگەڵ ئەوە دایە کە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دوو هەفتە تا ٢٠ ڕۆژ زیاتر نەبێت".
باسنيوز
