یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ دژی دانی پۆست بە پێکهاتەی تورکمان دەوەستنەوە
محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە ڕایگەیاند: "لە کۆتا کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا ئێمە وەک فراکسیۆنە تورکمانەکان داوامان کرد، کە یەکێک لە پۆستەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە تورکمانەکان بدرێت، بەڵام بەتایبەت گۆڕان و یەکۆمەڵ و یەکێتی زۆر دژی ئەوە وەستانەوە و نەیانهێشت ئەو پۆستە بە تورکمانەکان بدرێت".
ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە دەڵێت: "ئەوەی پاڵپشتی لێ کردین بۆ ئەوەی ئەو پۆستەمان پێ بدرێت، تەنیا فراکسیۆنی پارتی و سۆسیالیست بوو، هەر لەبەر ئەو هۆیەشە کە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان زیاتر لەگەڵ پارتی هاوپەیمانن و کاری سیاسی لەگەڵ دەکەن، چونکە متمانەیان بە پارتی هەیە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی گوتیشی: "داوا لە مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبانە دەکەم جارێکی دیکە ناوی پێکهاتەکان نەهێنن، هەروەها باسی مافی پێکهاتەکان لە تیڤییەکانەوە نەکەن و قسەی گەورەی لەسەر نەکەن، چونکە مافی ئێمە لەناو تیڤییەکان و سەرشەقام نییە، بەڵکوو لە ناو پەرلەمانە، لە ناو پەرلەمانیش فراکسیۆنەکان کە نوێنەرایەتی ئەو حزبانە دەکەن پێچەوانەی بەرنامەی سیاسی کار دەکەن و دژی مافی تورکمان و مەسیحییەکانن، بۆیە چیتر ئێمە باوەڕمان بەو حزبانە نەماوە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی پێشتر لەسەر مافەکانی ئێمە گوتوویانە تەنیا قسە بووە و کاتێک بابەتەکە دەبێت بە ماف و یاسا پاڵپشتیمان ناکەن ئەوەش نیەتی ئەوان پێشان دەدات".
باسنیوز
