شێخ جەعفەر: ئێستا سەرەتای شەڕە لە دژی داعش

 شێخ جەعفەر: ئێستا سەرەتای شەڕە لە دژی داعش
بەرپرسی یەکەی 70ـی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ھاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئاماژە بەوە دەدات، کە تیرۆریستانی داعش، چەکیان فڕێ نەداوە، بەڵکو ”ئێستا سەرەتای شەڕە دژە داعش“.


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی یەکەی 70ـی پێشمەگە ڕایگەیاند، "داعش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی توندڕەو ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ”بێگومان چەکدارانی داعش لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە و گەشەیان کردووە و کارە تیرۆریستییەکانیان بەردەوامە“‌.

بەرپرسی یەکەی 70ـی ھێزی پێشمەرگە ئەوەشی خستە ڕوو، کە چەکدارانی داعش لەو شوێنانەی پێگەیان بەھێزە،‌ ”کەمین دادەنێن و خەڵکی دەکوژن و پارە و سەرانە لە ھاووڵاتییانی سڤیلی ئەو ناوچانە وەردەگرن“.

ئاشکراشی کرد، چەکدارانی داعش چەکیان فڕێ نەداوە و لە شوێنی خۆیان ماون، بەڵام بەڕۆژ شەقامە سەرەکییەکان و شارەکانیان بەدەستەوە نییە،‌ ”ئەگینا بەشەو ھەموو شارەکان و شەقامەکانیان بەدەستەوەیە“.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی لەوەش کرد، بە ھۆکاری ئەوەی داعش چەکی فڕێ نەداوە، ”دەتوانین بڵێن، ئێستا سەرەتای شەڕی دژی داعشە، نەوەکو کۆتایی شەڕی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، بۆیە ھێزی پێشمەرگە لەحاڵەتی ئامادەباشیدایە و ئامادەیە بۆ ھەموو ئەگەرێکی نەخوازراو. ھەروەھا ھێزی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش ھەماھەنگی تەواوی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیماناندا ھەیە“.

ئەو ناوچە کوردستانییانە لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە پارێزراوبوون، بەڵام دوای خیانەتی گرووپی 16ـی ئۆکتۆبەر، کەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێز و میلیشیا عێراقییەکان و ئەوانیش توانای پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانەیان نییە.

ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی 70ـی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد، کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.











باسنیوز
Top