خانەقین.. تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندێكی كوردنشین

 خانەقین.. تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندێكی كوردنشین
تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر گوندێكی كوردنشینی سنووری خانەقین و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.

محەمەد فایەق، بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵانیەتیی فەیسبووك بڵاوی کردووەتەوە: "كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی شەممەی ڕابردوو 28/7/2018 ژمارەیەك چەكداری داعش دەستڕێژی گوللەیان كردە سەر گوندی (حوسێن مەمە)ی سەر بە شاری خانەقین و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەكی گوندەكەیان بریندار كردووە".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "پاشان بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پۆلیسدا تەقیوەتەوە لە ئەنجامدا پۆلیسێك بریندار بووە و دواتر چەكدارانی داعش هەڵهاتوون.

گوندی حوسێن مەمە یەكێكە لە گوندە كوردنشینەكانی سنووری خانەقین كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای شارەكەوە.

پێشتر، سەمیر محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، ڕای گەیاندبوو لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوورەكە نەماون، دۆخی ئەمنیی سنووری خانەقین و دەوروبەری تێك چووە و جموجٶلی داعش فراوانتر بووە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و میلیشیاکانی عەشدی شەعبی توانای دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیان نییە.













باسنیوز
Top