شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

 شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
لە درێژەی سەردان و گفتوگۆکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی ڕێگای نێوان هەولێر بۆ کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی سەربازی و هونەریی لە هەولێرەوە گەیشتە بەغدا.

بەمەبەستی چارەسەرکردن و کردنەوەی دووبارەی ڕێگای نێوان هەولێر بۆ کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە 2018/7/29 شاندێکی سەربازی و هونەریی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە و بڕیارە سبەینێ دووشەممە لەگەڵ لایەنی عێراقی لەبارەی کردنەوەی ڕێگای هەولێر بۆ کەرکووک دووبارە کۆ ببنەوە.

لەمبارەوە عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند:"ئامانج لەو سەردانەمان بۆ بەغدا هەر درێژەی ئەو باس و گفتوگۆیانەیە کەلە کۆبوونەوەی کەرکووکدا لەبارەی کردنەوەی ڕێگای هەولێر بۆ کەرکووک باس کراون و هیوادارین لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیداری بەغدا بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە."

ئاماژەی بەوەش کرد: "لەسەر بابەتە هونەرییەکان و چاککردنەوەی پردەکە هیچ کێشەیەکمان نەماوە، تەنیا چەند بابەتێکی گرنگی ئەمنی ماوە، بەتایبەتی مەسەلەی بازگەکانە، بۆیە سبەینێ دووشەممە ئەو شاندە لەگەڵ شاندێکی بەغدا کە پێکهاتوون لە بەرپرسانی ئەمنی – سەربازی و هونەری و لە بەغدا کۆ دەبنەوە و ئاواتەخوازم سبیەنێ لەگەڵ بەغدا بگەیەن ڕێککەوتنی کۆتایی".


کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە نێوان لە شارەدێی پردی و شاری کەرکووک هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ئەو پرسە دوو کۆبوونەوەیان ڕێک خست.

دوای ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، حکوومەتی عێراق یەکلایەنە ڕێگای نێوان هەولێر بۆ کەرکووکی داخست و هاوکات تەقاندنەوەی پردی شارەدێی پردیشی کردووەتە بیانوو بۆ نەکردنەەی ڕێگاکە.











باسنيوز
Top