لە حەوت مانگدا 1500 پەنابەر لە دەریای ناوەڕاست خنکاون
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا 1500 پەنابەر لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوێنێ هەینی 2018/7/27 بڵاوی کردەوە ڕێگای بۆ ئایتاڵیا بووەتە ڕێگای مەرگ بۆ پەنابەران و لە هەر 19 کەس کە بەوێدا طیپەڕ دەبێت، کەسێک لە ئاودا خنکاوە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پەنابەری، لەمبارەوە ئاشکرای کردووە ئێستا وڵاتی ئیسپانیا شوێنی ئیتالیای گرتووەتەوە بۆ ئەو پەنابەرانەی لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە لە ئەفریقیاوە ڕوو لە ئەورووپا دەکەن و لە حەوت مانگدا ناوی 21 هەزار پەنابەر تۆمار کراوە.
هێشتا نزیکەی پێنج مانگ بە کۆتایی ساڵی 2018 ماوە، کەچی هەتا ئێستا لە شوێن و ڕێگە جیاوازەکانەوە بەگشتی 55 هەزار پەنابەر گەیشتوونەتە کەنارەکانی ئەورووپا کە 21 هەزاریان بە دەریای ناوەڕاستدا تێپەڕیون و 1500 کەسیان لە ئاودا خنکاون.
ساڵی 2017 لە ماوەی حەوت مانگدا، زیاتر لە 111 هەزار پەنابەر لەو ڕیگایەوە گەیشتوونەتە ئەورووپا.
BAS NEWS-
