قەوارەکەی بەرھەم ساڵح: قەبوڵ ناکەین لە هەڵبژاردنی کوردستان یەکێتی ساختەکاری بکات

 قەوارەکەی بەرھەم ساڵح: قەبوڵ ناکەین لە هەڵبژاردنی کوردستان یەکێتی ساختەکاری بکات
ئەندامێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەگەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی یەکێتی ساختەکاری نەکات، دەنگێکی باش لە شارەکەدا بەدەست دەھێنین.

حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ڕايگەیاند: "ئامادەکاریمان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە و لیستەکەمان ھەمە چەشنە لە ڕەگەز و پێکھاتە و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، خەڵکێکی زۆر خۆی کاندید کردووە، بێگومان چەند ڕۆژی دیکە ڕیزەبەندی ناوی کاندیدەکانمان ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەکەین“.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی قەوارەی ھاوپەیمانی، ئەوەشی خستە روو، کە قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری خاوەنی جەماوەرێکی فراوانە، بۆیە ئەگەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و شارەکانی دیکە ئەو ساختەکارییەی لە ڕابردوودا کراوە ڕێگری لێ بکرێت، یاخود بەو ڕێژە زۆرە ساختەکاری نەکرێت، ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان سەنگ و قورسایی خۆیان بۆ دەردەکەوێت.

ئاشکراشی کرد، کە نازانن یەکێتی خۆی بۆ ساختەکاری ئامادەکردووە یان بە پێچەوانەوە، بەڵام ئەوەی کە دیارە و ڕوونە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و لایەنە ناڕازییەکان ئەو سیستەمەیان ڕەتکردووەتەوە و سیستەمی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەی بەدەستی دەبێت.

حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ئاماژەی بەوەش دا، کە ھەموو حزبێک مافی ئەوەی ھەیە بەڕێگەی شەرعی دەنگێکی باش بۆخۆی کۆ بکاتەوە، یەکێتی ھێزێکە ناوچەکانی سلێمانی و دەرووبەری بەشوێنی لایەنگرانی خۆی داناوە، گوتیشی: ”بێگومان ھەر لایەنێک بە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەشەوە ئەگەر ھەوڵی ئەوە بدات، پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بە ساختەکاری تێپەڕێت، ئێمە بەھیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین“.










باسنيوز
Top