ھەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەکە: گۆڕان نەخۆشییەکەی یەکێتی گرتووە و تووشی شکست دەبێ

 ھەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەکە: گۆڕان نەخۆشییەکەی یەکێتی گرتووە و تووشی شکست دەبێ
ھەڵسووڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان لە گەندەڵییەوە گلاون و ”های لایف“ دەژین و ئاگایان لە خەڵکی ھەژار نەماوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە گۆڕان نەخۆشییەکەی یەکێتی گرتووە و ”تووشی شکست دەبێت“.

بەختیار سدیق، ھەڵسووڕاوی ناسراوی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: ”گۆڕان تووشی نەخۆشییەکەی یەکێتی بووە و خەڵکی ھیچ متمانەیەکی بەو حزبە نەماوە، چونکە بەرپرسەکانی تووشی گەندەڵی بوون و ئێستا ئەوان ھایلایف دەژین و بەرپرس و پەرلەمانتارەکانی ئەو بزووتنەوەیە ڤێلا و ئیمتیازاتی باشیان لەبەردەستدایە و ئاگایان لە ژیانی خەڵکی فەقیر و ھەژار نەماوە“.

بە گوتەی هەڵسووڕاوەکەی گۆڕان، ساختەکاری نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی دەنگەکانی گۆڕان و دەڵێت: ”گۆڕان بەھۆی تەزویراتەوە دەنگەکانی لە ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراقدا کەمی نەکردووە، بەڵکو خەڵکی بەھۆی نەمانی متمانە بەو بزووتنەوەیە، پاشەکشەی لێ کردووە، بۆیە ئەو تەزویراتەی گۆڕان باسی دەکات، تەنھا بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، ئەگین ئەو دەنگەی گۆڕان ھێناویەتی، دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بووە“.

بە بڕوای بەختیار سدیق، ئەگەر گۆڕان باسی ساختەکاری دەکا، ”پێویستە باسی ساختەکارییەکانی خۆشی بکات“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”خودی خۆم نوێنەری گۆڕان بووم، بە بەڵگەوە دەیان ساختەکاری ئەو بزووتنەوەیەم بینیوە و لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا گۆڕان لەڕێگەی ئەندامەکانی خۆیەوە ساختەکاری کردووە“.

دووپاتیشی کردەوە، گۆڕان ھیچ متمانەیەکی خەڵکی نەماوە، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ”گۆڕان تووشی شکستێکی گەورە دەبێتەوە و جگە لە ١٠ کورسی پەرلەمانی، چیتر ئەو بزووتنەوەیە ٢٥ کورسییەکەی پێشووی ناھێنێتەوە“.

بەختیار سدیق، ھەڵسووڕاوی گۆڕان باسی لەوەش کرد، بزووتنەوەکە ”پێشتر خۆی بە فریشتە دەزانی“، بەڵام ”ئەوانیش ئێستا لە خۆشترین شوێندا دەژین، تاپۆکردنی گردی زەرگەتە لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، سەلماندی کە بزووتنەوەی گۆڕان، بەکەڵکی ھیچ نایەت“.











باسنیوز
Top