نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ کۆ بووەوە

 نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ کۆ بووەوە
نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش سەردانی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت کۆ بووەوە.



بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئیوارەی رۆژی هەینی 27/7/2018، نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، کۆ بووەتەوە.



هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی و شاندە ئەمریکییەکە بارودۆخی سیاسیی عێراق و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتەیان تاوتوێ کردووە.



مەکگرۆک و شاندە ئەمریکییەکە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدایان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی بەرز نرخاندووە.



نێچیرڤان بارزانی و برێت مەکگۆرک گفتوگۆشیان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق و جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران کردووە، جگە لە بەرەو پێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەولێر و واشتن.




باسنیوز
Top