وەزارەتی ئەوقاف: هه‌ر هاووڵاتییه‌ك نه‌خۆشییە درمەکانى هه‌بێت ڕێگەى حه‌جكردنى پێنادرێت

 وەزارەتی ئەوقاف: هه‌ر هاووڵاتییه‌ك نه‌خۆشییە درمەکانى هه‌بێت ڕێگەى حه‌جكردنى پێنادرێت
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕویشتنى هاووڵاتیان بۆ وڵاتى سعوودیه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌جێێنانى فه‌ڕیزه‌ى حه‌جكردن به‌رده‌وامه، هه‌ر هاووڵاتییه‌كیش نه‌خۆشى درمى هه‌بێت ڕێى پێنادرێت بۆ ئه‌و وڵاته ‌بچێت.

نه‌به‌ز ئیسماعیل، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، ڕايگه‌یاند: "پێش ئه‌وه‌ى هاووڵاتییان بچن بۆ وڵاتى سعوودیه ‌و به‌جێهێنانى فه‌ڕیزه‌ى حه‌ج، لێره‌ پشكنینیان بۆ ده‌كرێت و دوو ده‌رزیان لێده‌درێت كه‌ تایبه‌تن به‌ڤایرۆسه‌كان و ڤایرۆسی وه‌رزی، ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى پارێزراو بن له‌ نه‌خۆشى گواستراوه‌".

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، ئەوەشی خستە روو،‌ كه‌ دواى ئه‌وه‌ى ده‌گه‌نه‌ وڵاتى سعوودیه‌، ڤاكسینێكی تایبه‌ت وه‌رده‌گرن و ده‌فته‌رێكى تایبه‌ت به‌ ته‌ندروستیشیان بۆ ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتى پێویست له‌ ده‌رمانخانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى ناو هۆتێله‌كه‌یان سوودى لێببینن.

ئاشکراشی کرد، كه‌ له‌ وڵاتى سعوودیه‌ به‌ زۆرى نه‌خۆشى هه‌ڵامه‌ت و هه‌وكردنى سینگ و هه‌وكردنى جگه‌ر تووشى حاجیان ده‌بێت، بۆیه‌ به‌هه‌موو لایه‌ك ڕێككه‌وتون له‌سه‌ر بایه‌خدان و چاودێرى توندو گرنگى ته‌ندروستى پێیان و هه‌ر هاووڵاتییه‌كیش نه‌خۆشى درم (گواستراوه‌)ى هه‌بێت ڕێى پێنادرێت بچێته‌ ئه‌و گه‌شته‌.

بۆ وه‌رزى ئه‌مساڵى حه‌جكردنى ئه‌مساڵ، 5 هەزار و 469 هاووڵاتى هه‌رێمى كوردستان، به‌ نیازه‌ سه‌ردانی سعوودیه‌ بكه‌ن كه‌ تا ئێستا كه‌س هەزار و 181 كه‌سیان گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌ و بڕیاره‌ تا 9/8/2018، ته‌واوى هاووڵاتییان بگوازرێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌.











باسنيوز
Top