ژووری بازرگانی: دۆخی ئابووری بەرەو باشتر دەچێت و جموجۆڵی بازرگانییش زیادی كردووە

 	 ژووری بازرگانی: دۆخی ئابووری بەرەو باشتر دەچێت و جموجۆڵی بازرگانییش زیادی كردووە
سەرۆكی ژووری بازرگانیی دھۆك گوتی، دوای ئەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی بوو، خۆشبەختانە لە رێگەی چاكسازی و چەندین رێگەی دیكەوە، حكوومەت توانی ھەنگاوی زۆر باش بۆ چارەكردنی ئەو قەیرانە بنێت، لە ئێستایشدا رۆژ بە رۆژ دۆخی ئابووری بەرەو باشتر دەچێت و جموجۆڵی بازرگانییش لەگەڵ وڵاتاندا زیادی كردووە.

لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، حكوومەتی عێراق بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕی و شەڕی داعشیشی بە سەردا ھات، ئەمەیش وای كرد ھەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی بێت، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆڵی نەدا و پرۆسەیەكی چاكسازیی راگەیاند، كە توانی ساڵ بە ساڵ ھەنگاوی زۆر باش بنێت بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی و، ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشتر بووە و تەنانەت ئەمساڵ دەستكاریی پاشەكەوتی مووچەیش كراوە و پلان ھەیە كە پاشەكەوت بە تەواوی لاببرێت.

سەرۆكی ژووری بازرگانیی دھۆك، ئەیاد حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤وە تووشی قەیرانی دارایی بوو بە ھۆی بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، توانی بە شێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكات و ساڵ بە ساڵ ھەنگاوی زۆر باشی ناوە بۆ ئەوەی لە قەیرانی دارایی رزگاری بێت و، لە ھەنگاوەكانیشدا سەركەوتوو بووە و ئێستا قۆناغی زۆر باشی بڕیوە".

سەبارەت بەو ھەنگاوانەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی ناویەتی، ئەیاد حەسەن گوتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگای ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازییەوە توانیوویەتی ئەو ھەنگاوانە بنێت لە ھەموو كەرتەكان و چەندین رێنمایی بۆ سنوورەكان دەركردووە بۆ ئەوەی باج كەم بكرێتەوە و ئاسانكاری بكرێت بۆ ئەوەی داھاتی گومرگ زیاتر بكرێت و، پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەرەو باشتر چووە و ھاتوچۆی زیاتر هەیە و گەشتیاری زیاتر سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن كە لە بازگەكان ھاوكارییان دەكەن، ئەمانە ھەمووی ھەنگاوی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن بۆ ئەوەی دۆخی ئابووری بەرەو باشتر بچێت و بە كردەنییش باشتر بووە.

لەبارەی زیادبوونی جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، حەسەن گوتی، جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بارزگانی زۆر زیادی كردووە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، بە تایبەت لەگەڵ توركیا و ئێران و، ئێستا كەلوپەلی زیاتر ھاوردە دەكرێت و دۆخەكەیش بەرەو باشتر دەچێت، بۆ ئەوەی وەكو پێش قەیران ئاسایی ببێتەوە.
kdp-
Top