بریکاری وەزیری ناوخۆ بە توندی وەڵامی گۆڕان دەداتەوە

 بریکاری وەزیری ناوخۆ بە توندی وەڵامی گۆڕان دەداتەوە
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بە توندی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕانی دایەوە و ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە دەیانەوێ پاسەوانەکانیان بخەنە سەر هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتنی سلێمانی.

پاش ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان ئاشکرایان کرد کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دەنگدان بە گۆڕان، ژمارەیەک کارمەندی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتنی سلێمانی سزا دەدەن. جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ڕایگەیاند: "لەبەر گۆڕان بوون کەس لە ھێزەکانی بەرگریی و فریاکەوتن دەرنەکراوە، خۆ ١٠ ساڵە گۆڕان دروست کراوە و کەسیش بەو ھۆیەوە فەسڵ نەکراوە، بەڵام ھەندێک بەرپرسی گۆڕان ھەیە کە پاسەوانەکانیان لەسەر ھێزەکانی بەرگری و فریاکەوتنن، دەخرێنە سەر ھێزەکانی پاسەوانی و بەو کارەش مووچەکەیان کەم دەکات، شتێکی دیکەش ھەیە، لە ھەر جێگایەکی دیکە پاسەوان بێ، ئەوا دەبێت بخرێتە سەر پاسەوانی".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەرپرسەکانی گۆڕان حەز دەکەن، پاسەوانەکانیان لەسەر پشکی بەرگری و فریاکەوتن بێت، چونکە ”ئەگەر وا بێت مووچەکانیان زیاد دەبێت، بەڵام یاسا و ڕێنماییەکان ڕێگە بەوە نادات".

لەبارەی تۆمەتبارکردنی یەکێتی، جەلال شێخ کەریم دووپاتی کردەوە: "ئەمە بیانووە دەیگرن و پەردەپۆش و تەکبیرە بۆ شکستەکانیان لە ھەڵبژاردنەکان و دەیخەنە سەر ئەم و ئەو، جگە لەوەش ھیچی دیکە نییە".

بریکاری وەزارەتی ناوخۆ دەپرسێت، ”مەعقوولە“ چوار یان پێنج کەس کە پاسەوانی لێپرسراوێکی گۆڕانن، بگوازرێنەوە بۆ سەر یەکەی پاسەوانی، ئەوان بەو شێوەیە ھاواریان لێ هەڵسێ؟ گوتیشی: ”بابەتەکە لێرەدا یەکێتی نییە و ڕەنگە ئامر فەوجێک بەوەی زانیبێت کە کەسێک لەلای بەرپرسێکی گۆڕان دەوام دەکات و لای ئەم مووچە وەردەگرێ و پێی گوتبێت کە ئیتر لەلای من مەبە، لەبەر ئەوەی تۆ لای من دەوام ناکەی".














باسنیوز
Top