به‌ركه‌وتووانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌برێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان

 به‌ركه‌وتووانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌برێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ فه‌رمانێك ده‌رچووه‌ بۆ كاركردن بۆ بینینی به‌ركه‌وتوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وتووه‌كان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر ببرێن بۆ وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ڕایگه‌یاند: "سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، فه‌رمانێكی ده‌ركردووه‌ بۆ كاركردن بۆ بینینی به‌ركه‌وتووانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌وانه‌ی ، كه‌ پشتڕاست بكرێنه‌ كه‌ به‌ركه‌وته‌ی كیمیابارانن و پێویستیان‌ به‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر".

گوتیشی: "لیژنه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی، وه‌زارتی دارایی و كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیبارانی هه‌ڵه‌بجه‌ درووستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ بكه‌ن و ئه‌و به‌ركه‌وتووانه‌ی ، كه‌ پێویستیان به‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، بۆ چاره‌سه‌ر وه‌رگرتن ده‌برێن بۆ وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران".

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئه‌و بڕیاره‌ خزمه‌تێكی باش به‌ بریندارانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات و ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ خزمه‌تكردنی قوربانیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی:".

ڕۆژی (16/3/1988) له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی حكومه‌تی به‌عسه‌وه‌ ، شاری هه‌ڵه‌بجه‌ كیمیاباران كرا، به‌هۆی ئه‌وه‌یشه‌وه‌ 5 هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و شاره‌ شه‌هیدبوون و به‌ سه‌دانی دیكه‌ش بریندار بوون. له‌ ساڵی (2003) یشه‌وه‌ هه‌تا ئیستا (104) برینداری كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یانه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.











باسنیوز
Top