"مامۆستایانی ئایینی، رۆڵی بەرچاویان لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەویدا هەبووە"

سەرۆكی لیژنەی فتوای هەرێمی كوردستان دەڵێ، رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەویدا، نوێ نییە و لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانییش رۆڵی خۆیان هەبووە، مەلا مستەفایش یەكێك لە ئامۆژگارییەكانی بۆ مامۆستایانی ئایینی، ئەوە بووە كە ئاگایان لە نیشتیمان بێت، چونكە نیشتیمان و ئیسلام بەیەكەوە گرێ دراون.

مەلا محەممەد ئێنەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئیسلام بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ توندڕەویدا نییە و هەمیشە لەگەڵ برایەتی و پێكەوەژیانە، نەك بچی ماڵی خەڵك وێران بكەیت و خەڵك بكەیە قوربانی و منداڵی خەڵك هەتیو بكەی، بۆیە لە ئێستادا سەرقاڵی كۆنگرەین و هەر كاتێك تەواو بوو، لیژنەی فتوا داوا لە خەڵك و مامۆستایانی ئایینییش دەكات كە هاووڵاتیان لە بیری توندڕەوی هۆشیار بكرێنەوە.

مەلا محەممەد گوتیشی: "مامۆستایانی ئایینی هەمیشە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویدا و هەمیشە هەوڵیان داوە بۆ پێكەوەژیان، لەسەردەمی مەلا مەستەفای بارزانییش كە ئەو كاتە هاتە گەڵاڵە بۆ لای یەكێتیی زانایان كە خۆم لەگەڵدا بووم، باسی لەوە كرد كە، وا دەزانم ئێستا لە دایك بووم كە ئێوە بەیەكەوە دەبینم و زۆر قسەی بۆ ئێمە كرد و سێ ئامۆژگارییشی كردین، ئەوانیش ئاگاداری ئایینی خۆمان بین و ئەوەی دووەم ئاگاداری مەزهەبی خۆمان بین و ئەوەی سێیەم باسی لەوە كرد كە ئاگاداری نیشتیمانی خۆتان بن و ئەگەر ئێوە ئەو كارە بكەن، ئێمە دەبینە خەنجەری بەر پشتی ئێوە، كە ئەمە گوتەی بارزانی خۆی بوو".

د. ئەردەوان مزووری، مامۆستای زانكۆی زانستە ئیسلامییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئایینێكی میانڕەوە و هەموو هەوڵێكی ئەوەیە كە ئاشتی و سەقامگیری بەرقەرار بێت، بۆیە كە ئیسلام هات، یەكەم مەبەستی ئەوە بوو ئاساییشی جیهانی و پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتەكاندا بەرقەرار بكات و ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە فەرموودەكانی قورئان و حەدیسدا باس كراوە، بۆیە گرینگە پەیامی ئیسلام بۆ خەڵكی ڕوون بكەینەوە كە پەیامی ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوەژیانە لە نێوان پێكهاتەكاندا، بۆ نموونە لەهەرێمی كوردستان چەندین پێكهاتە هەن و پێكەوەژیانێكی زۆر جوان هەیە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هەمیشە جەختی لە پێكەوەژیان و لێبووردنی ئایینی كردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بۆچوونی هەندێك كەس هەیە كە ئایینی ئیسلام بۆ توندوتیژی بەكار دەهێنن، بۆیە پێویستە هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، ئەمەیش زیاتر لە رێگەی گوتاری هەینییەوە دەكرێت".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ، باسی لەوەش كرد: "گرینگە لە وەزارەتی پەروەردەیش تیشك بخرێتە سەر میتۆدی میانڕەوی، بە تایبەت لەوانەی پەروەردەی ئیسلامی و وەزارەتی رۆشنبیرییش لە دەزگاكانی راگەیاندن هەوڵ بدات ئەو دیاردەیە بنبڕ بكرێت، چونكە كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگا و پێویستە خەڵك هۆشیار بكرێتەوە، بۆیە ئیسلام دوورە لە توندڕەوی و توندوتیژی".

مزووری راشیگەیاند: "زۆر جار راڤەی فەرموودەكان بە هەڵە دەكرێت و نازانرێت ئەو فەرموودەیە لە چ كاتێكدا دابەزیوە و بۆچی دابەزیوە، كەچی كەسەكان بە هەڵە بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن، بۆیە پێویستە مەبەستەكانی شەریعەت زاڵ بكرێن، چونكە مەبەستەكانی شەریعەت زۆر گرینگن، لەبەر ئەوەی شەریعەت بۆ پاراستنی دەروون و عەقڵ و سەروەت و سامان هاتووە، نەك بۆ تیرۆركردن و توندڕەوی، لەبەر ئەوە، پێویستە خەڵك زیاتر هۆشیار بكرێتەوە".
KDP-
Top