بەسرا داوای بەهەرێمبوون دەکات..سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە.."خۆپێشاندانەکان بۆ بەهەرێمبوونە"

بەسرا داوای بەهەرێمبوون دەکات..سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە..
وەلید گێتان، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرا لە دیمانەیەکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەڵێت، مافی خۆیانە ببنە هەرێمێکی سەربەخۆ و کەس ناتوانێت بەرانبەر ئەو مافە بوەستێت.

KDP.info : ڕاتان لەسەر ئەم خۆپێشاندانە چییە کە لە عێراقدا دەکرێن؟

وەلید گێتان: ئەو خۆپێشاندانانە مافێکی ڕەوایە و هیچ کەس و لایەنێكیش ناتوانێت بەرامبەریان بوەستێت و مافی خەڵکە داوای داهاتیان بکەن، چونکە شارەکانی عێراق لەوپەڕی خراپیدان.

KDP.info : خۆپێشاندانانی شارەکانی عێراق داوای دابینکردنی خزمەتگووزاری دەکەن، ئەی شاری بەسرا چی؟

وەلید گێتان: خۆپێشاندانەکانمان بۆ ئەوەن شارەکەمان ببێتە هەرێمێک و خەڵکی شارەکە خۆی بەڕێوە ببات و داهاتەکەیان ڕادەستی هیچ کەس نەکەن.

KDP.info : هەندێک لایەنی عێراقی لە دژی هەرێمبوونی بەسرا دەوەستن، ڕاتتان بۆ ئەمانە چییە؟

وەلید گێتان: ڕاستە هەندێک لایەن هەن لە دژی ئەوەن شارەکە ببێتە پارێزگا، هەر ئەوانەن داهاتی شاری بەسرا بۆ خۆیان دەبەن، بەڵام ئێمە بە پێی دەستوور مامەڵە دەکەین و ئەوان نازانن هەنگاوی دەستووری بۆ بەهەرێمبوونی شارەکان چین.

KDP.info : بیرۆکەی بەهەرێمبوونی بەسرا هەرکات خزمەتگوزاری نەکرێت دێتە هزرتان، یان پێشتریش ئەو بیرۆکەیەتان هەبوو؟

وەلید گێتان: نا. نەخێر، لە کۆنەوە ئەم بیرۆکەی بەهەرێمبوونەی بەسرامان هەبووە، بەڵام هەندێک کۆسپیان دروست دەکرد و هەموو هێز و لایەنەکانی شاری بەسرا لەگەڵ بەهەرێمبوونی بەسران.

KDP.info : چ هەنگاوێکتان هاویشتووە بۆ بەهەرێمبوونی بەسرا؟

وەلید گێتان: زیاتر لە سێ بەشی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرا واژۆیان لەسەر بەهەرێمبوونی شارەکەمان کردووە و خەڵکی شاری بەسرا لەگەڵ ئەوەدان شارەکە بکرێتە هەرێم و ئەمە ئیرادەی خەڵکەکەیە و لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە داومان کردبوو، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک ئەوکات داواکەمان ڕەت کرایەوە.

KDP.info : ئێوە دەڵێن لەسەر بنەمای دەستوور داوای بەهەرێمبوونی بەسرا دەکەن، ئەوە لەسەر چ بنەمایەکی دەستوور؟

وەلید گێتان: لە یاسای ١٣ی ساڵی ٢٠٠٨دا کە تایبەتە بە هەرێمەکان لە دەستووردا هاتووە هەمووان مافی خۆیانە داوای بەهەرێمبوون بکات و هەریمبوونی بەسراش چارەی تەواوی کێشەکانە.

ماوەیەکە لە شار و شارۆچکەکانی باشووری عێراق خۆپێشاندان دەکرێن لەبەر نەبوونی خزمەتگووزاری، بەتایبەت لە شاری بەسرا خەڵک داوا دەکەن شارەکەیان بکرێتە هەرێم.


بەسرا سێیەمین شاری هەرە گەورەی عێراقە و بە پایتەختی ئابووریی عێراق دادەنرێت و شارێکی پڕ لە نەوتە و دانیشتوانەکەی بە نزیکەی ملیۆن و نێوێک مەزندە دەکرێت بە پێی سەرژمێرییەکانی سالێ ٢٠١٤.
KDP-
Top