خانەقین.. بەهۆی بوونی تیرۆریستانی داعش گوندێكی كوردنشین چۆڵ دەكرێت
بەپێی زانیارییەكان دانیشتوانی گوندی (مەردان)ی كوردنشینی سەر بە خانەقین، بەهۆی جموجۆڵەكانی تیرۆریستانی داعشەوە لە سنووری گوندەكەیان، هەروەها نەپاراستنی گوندەكەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، گوندەكەیان چۆڵ كرد و ئاوارە بوون.
لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 25/7/2018، سەمیر محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، ڕایگەیاند: "لەگەڵ بەشی پۆلیسی خانەقین گفتوگۆمان سەبارەت بە دۆخی ناوچەی (قوڵە)ی سەر بە خانەقین كرد كە گوندی (مەردان)یش دەكەوێتە چوارچێوەی سنووری ناوچەی قوڵەوە و دووپاتمان كردووەتەوە كە ئەو ناوچەیە پێویستە لەڕووی ئەمنییەوە بپارێزرێت، چونكە جموجۆڵی تیرۆریستان زیاتر لەناو دارستانەكانی ناوچەی قوڵە هەیە، بۆیە خەڵكی گوندەكانی ناوچەی قوڵە هەر بەهۆی بوونی تیرۆریستانەوە، شوێنی ژیانیان بەجێ هێشتووە و ئاوارە بوون".
سەمیر محەمەد، روونیشی كردەوە: "دۆخی خانەقین و دەوروبەری لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە خراپە، ئەو هێزانەی كە ئێستا لە سنوورەكەن توانای پاراستنی ناوچەكەیان نییە، بەڵام پێش 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش لە پاراستنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە".
باسنیوز
