"سەدان چاودێر بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان راھێنان دەكەن"

بڕیارە رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی دابێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و، لەگەڵ ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، ھاوكات رێكخراوەكان كار بۆ ئامادەكردنی چاودێر دەكەن، تا لە ڕۆژی ھەڵبژاردندا چاودێری پڕۆسەكەبكه‌ن.

وشیار مالو، سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئێمە چەند رۆژێكە دەستمان بە ئامادەكردنی چاودێر بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردوە و ژمارەیەك پسپۆڕ و شارەزای بیانیمان ھێناوەتە ھەرێمی كوردستان تا راھێنان بە چاودێرانی ناوخۆ بكەن، چونكە ئێمە ئەمجارە بە تەكنیكی تازە و سەردەمیانە دەمانەوێ چاودێریی پڕۆسەكە بكەین و لەگەڵ چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتییشدا ھەماھەنگیمان ھەیە".

مالو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە چاودێرەكانمان پێكەوە گرێدراون و لە كاتی ھەبوونی ھەر سەرپێچییەك دەتوانن راستەوخۆ لایەنی پەیوەندیدار و سەرووی خۆیان ئاگادار بكەنەوە، ئەوەی تا ئێستا كاری لەسەر دەكەین بەو شێوازە، ٥٠٠ چاودێرە بۆ ھەر چوار پارێزگای ھەرێمی كوردستان".

لای خۆشیەوە، ھۆگر چەتۆ، رێكخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژادنەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تۆڕی شەمس ھاوشێوەی ھەڵبژاردنەكانی رابردوو، رۆڵی دەبێت لە چاودێریكردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوو، هەروەها كار بۆ ئامادەكردنی سەدان چاودێر دەكرێت، تا لە رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردندا بتوانن چاودێریی پڕۆسەكە بكەن".
kdp-
Top