خولێکی زانستی هاوینە بۆ دەرچوانی بەشی ژنان و منداڵبوون دەکرێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 24\7\2018، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە راگەیاندراوێکدا، لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کردووەتەوە، کە بەمەبەستی ڕاهێنان و شارەزابوونیان لەبوارەكەی خۆیاندا، قوتابیانی دەرچووی بەشی ژنان و منداڵبوون لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی و هۆبەی پەرستارییەوە خولی زانستی هاوینەیان بۆ ڕێك خرا.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەمڕۆ لە دیوانی بەڕێوبەرایەتیی گشتی، دوای تەواوكردنی پڕۆسەی خوێندنیان، قوتابیانی دەرچووی ئەو بەشە خولێكی زانستییان بۆ ڕێكخرا، بەمەبەستی برەودان بە تواناكانیان لەبوارە زانستی و پیشەییەكانی خۆیاندا.
سەروەر عەزیز، لێپرسراوی هۆبەی پەرستاران، بۆ پەیجی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، ئاماژەی بەوە داوە، کە ژمارەی ئەو قوتابیانەی بەشداری ئەم خولە زانستییە دەكەن 38 کەسە، ئامانجەكە ئەوەیە لەڕووی شارەزاییان لەبواری تەندروستیدا فێر بكرێن لەناو سەرجەم نەخۆشخانەكاندا چۆن نەخۆش ببینن و مامەڵەی لەگەڵ بكەن و چارەسەری پزیشكی پێشكەش بكەن.
باسنيوز
