سەرۆک بارزانی بۆ مامۆستایانی ئایینی: پێویستە خەمی سەرەكیتان ئاییندەی وڵات و هزری گەنجانمان بێ
ئەمڕۆ سێشەممە 24\7\2018، سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی بەستنی شەشەمین كۆنگرەی یەكێتیی زانایانی ئایینی، لە پەیامێکدا دەستخۆشی لە یەكێتیی زانایانی ئایینی كوردستان کرد و هیوای سەركەوتنیانی بۆ خواست و رای گەیاند: ”بەشی هەرە زۆری شۆڕشەكانی گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ڕزگاربوون لە داگیركاری لەسەر دەستی زانایان و گەورە پیاوانی ئایینیی گەلەكەمان بووە و ئەوە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر پێگە و سەرقافڵەبوونی زانایانی ئایینی لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان“.
سەرۆک بارزانی، لە پەیامەکەیدا، داوای لە مامۆستایانی ئایینی کرد، كە ڕێگە نەدەن خیلافاتی بچووك ببێتە هۆی ناكۆكیی گەورە و لێكترازانی نێوان مامۆستایانی، چونكە ئەوە بەشێوەیەكی سلبی كاریگەری لەسەر بنەماكانی ئایینداری و پەروەردەی دواڕۆژی گەلەكەمان دەبێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە یەكێتیی زانایانی ئایینی لەپێناو ئێوە و لەپێناو دینداری و بەرژەوەندییەكانی نیشتیمان دامەزراوە، پێویست دەكات بە بەرنامە و پڕۆژەی تێروتەسەل قورسایی ئەو ئامانجە پیرۆزە بپارێزن كە یەكێتیی زانایان لە پێناویدا دامەزراوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
مامۆستایانی ئایینیی بەڕێز
ئەندامانی شەشەمین كۆنگرەی یەكێتیی زانایانیی ئایینی
میوان و ئامادەبووانی خۆشەویست
سڵاوی خوداتان لێ بێت..
بەبۆنەی بەستنی شەشەمین كۆنگرەی یەكێتیی زانایانیی ئایینی دەستخۆشی لە یەكێتیی زانایانی ئایینیی كوردستان و هەموو مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
ڕۆڵ و كاریگەریی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان لە پارێزگاریكردن لە ڕەسەنایەتی و ڕەوشتبەرزی و خواناسی و نیشتیمانپەروەری و پاراستنی پێكەوەژیان و تەباییدا ڕۆڵێكی پڕشنگدار و بەرچاوە و جێگەی پێزانینە و لە مێژووی گەلەكەماندا هەمیشە بە بەرزی یاد دەكرێتەوە. جگە لەوەیش بەشی هەرە زۆری شۆڕشەكانی گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ڕزگاربوون لە داگیركاری لەسەر دەستی زانایان و گەورە پیاوانی ئایینیی گەلەكەمان بووە و ئەوە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر پێگە و سەرقافڵەبوونی زانایانی ئایینی لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان.
چەكهەڵگرتنی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشەكاندا وانەیەكی گرنگ بوو بۆ هەموومان كە ئازادیخوازی و بەرگریكردن لە خاك و نیشتیمان نەك تەنیا ئەركێكی نەتەوەیی بەڵكو ئەركێكی ئایینییش بووە.
ئامادەبووانی بەڕێز
لە قۆناغی ئێستادا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە ژیانی كۆمەڵگەدا ڕۆڵێكی گرنگ و یەكلاییكەرەوەیە بە تایبەت كە پەتای تیرۆر و توندڕۆیی و تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و هەروەها دەركەوتنی تاییفەگەری لە عێراق و ناوچەكەدا هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر پێكەوەژیان و لێبوردەیی و پەیامی ئاشتیخوازانەی ئایین. وشككردنی ڕەگوڕیشەی هزری تیرۆر و شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر بە دەرەجەی یەكەم ئەركی ئێوەی بەڕێزە. هەموو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەكانی هزری تیرۆر و كاركردن بۆ تەبایی ئایینی و مەزهەبی چاویان لە هیمەت و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینییە و ئەوەی تا ئێستا لەو بوارەدا ئەنجامتان داوە جێگەی دەستخۆشییە.
لەگەڵ ئەوەیشدا ئەركی پارێزگاری لە باوەڕ و دینداری لەسەر بنەمای زانستی و پەروەردەیی و هەروەها قووڵتركردنی خۆشەویستیی خاك و نیشتیمان لەسەر شانی ئێوەی بەڕێزە. لەو كەشە ئاڵۆز و پڕ لە تەحەدییاتەی ئێستادا نابێ ڕێگە بدرێ كە هزر و فەرهەنگی نامۆ كە دژی دینداری و نیشتیمانپەروەرییە هزر و هۆشی كۆمەڵگە داگیر بكات.
بەڕێزان..
هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی لای هەر كەسێك و بە هەر بیانوویەك خەلەلی تێبكەوێت نابێ لای زانای ئایینی بە قەدەر زەررەیەك خەلەل و كەمتەرخەمی تێ بكەوێت چونكە ئێوە سەرچاوەی ئیلهامن بۆ هەموومان و گەلی كوردستان لە زانایانی ئایینی فێری خۆڕاگری و پشوودرێژی و فیداكاری و ورەبەرزی لە خەبات و كۆڵنەدان بوونە. بۆیەشە جەنابی بارزانیی نەمر یەكێتیی زانایانی دامەزراند چونكە زۆر باش دەیزانی زانایانی ئایینی شوورەی پۆڵایینی گەلن بۆ بەرگریكردن لە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەییەكانی كورد. ئەركی ئێوە ئەركێكی پیرۆزە و ئەندامبوون لە یەكێتی زانایان شەرەفێكی گەورەیە.
هەر بەو بۆنەیشەوە بە پێویستی دەزانم كە داوا لە هەموو مامۆستایانی بەڕێز بكەم كە ڕێگە نەدەن خیلافاتی بچووك ببێتە هۆی ناكۆكیی گەورە و لێكترازانی نێوان مامۆستایانی بەڕێز چونكە ئەوە بەشێوەیەكی سلبی كاریگەری لەسەر بنەماكانی ئایینداری و پەروەردەی دواڕۆژی گەلەكەمان دەبێت. پێویستە ئەولەویەتی و خەمی سەرەكیی ئێوە ئاییندە و بەرژەوەندییەكانی وڵات و هزری گەنجەكانمان بێت ئەویش بەپێی ئەجیندایەكی ڕەسەنی ئایینی و خۆماڵیی كوردستانی نەك ئەجیندای هاوردە كە ڕێز لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان ناگرێت.
یەكێتیی زانایانی ئایینی لەپێناو ئێوە و لەپێناو دینداری و بەرژەوەندییەكانی نیشتیمان دامەزراوە و پێویست دەكات ئێوەی بەڕێز بە بەرنامە و پڕۆژەی تێروتەسەل قورسایی ئەو ئامانجە پیرۆزە بپارێزن كە یەكێتیی زانایان لە پێناویدا دامەزراوە.
لەكۆتاییدا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم، هیوادارم كۆنگرەكەتان سەركەوتوو بێت و بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنگرەكەتان زۆر باشتر لە خزمەتی ئایین و گەل و وڵاتەكەمان بێت. منیش بە هەموو توانایەكەوە پاڵپشتی ئێوە دەمێنمەوە و بەوە سەربەرزم كە لە خزمەتی مامۆستایانی ئایینیدا بم.
و السلام علیكم و رحمه الله و بركاتە
مسعود بارزانی
24ـی 7ـی 2018
باسنيوز
