چەند رێكارێك بۆ دەیان هەزار فەرمانبەر دەگیرێتە بەر

 چەند رێكارێك بۆ دەیان هەزار فەرمانبەر دەگیرێتە بەر
لە رێگەی رێكخراوێكەوە چەندین رێكار دەگیرێنە بەر، بۆ پێدانی چەند ماف و ئیمتیازێك بە زیاتر لە دەیان هەزار فەرمانبەر و كارمەندی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان.

جەلال كوردی، سەرۆكی رێكخراوی فەرمانبەرانی گرێبەستی كوردستان رايگەیاند: ”بۆ داكۆكیكردن لە فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگاكانی حكوومەت چەند رێكارێك دەگیرێنە بەر.

ئاماژەی بەوە دا: ”لەنێوان فەرمانبەرانی هەمیشەیی و فەرمانبەرانی گرێبەست جیاوازیی زۆر هەیە، لەوانە پێدانی مۆڵەت و پاداشت و پێنەدانی رێز و سوپاس و سەرمووچە و بەرزەمووچە“.

بەپێی رێنمایی 32 و 38 ی وەزارەتی دارایی هەر فەرمانبەرێك 3 ساڵی تەواو كرد، دەتوانێت ببێتە فەرمانبەری هەمیشەیی بەو مەرجەی بودجەی بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەیەكی پەسندكراو رێنماییەكە راگیراوە.

سەرۆكی رێكخراوی فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێت: ”ئەو بڕیارە چەند ساڵە دەرچووە و راگیراوە، ئێمە فشار دەكەین ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت، چونكە لە بەرژەوەندیی حكوومەت و گرێبەستەكاندایە“.

باوەڕی وایە، ئەگەر حكوومەت گرێبه‌ستەكان بكاته‌ فەرمانبەری هەمیشەیی، حكوومەت پارەیەكی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە، هەروەها كۆمەڵێك مافیش لە مۆڵەت و رێز و سوپاس و سەرمووچە و ناونیشان گۆڕین بۆ فەرمانبەری گرێبەست دەگەڕێتەوە.

ئاشكرای دەكات، زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاكاندا هەن و بڕیارە رێكخراوەكەیان ناسنامەی تایبەتیان بۆ دروست بكات، گوتیشی: ”داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە ئامارێكی وردمان لەسەر فەرمانبەرە گرێبەستەكان پێ بدات، كە ئێستا زۆرینەیان لە وەزارەتی شارەوانی و تەندروستیدان".

جەلال كوردی زیاتر گوتیشی: ”هەوڵ دەدەین مۆڵەتی نەخۆشی و لەدایكبوون بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست زیاد بكرێت، بەداخەوە لە هەندێك شوێن هەر مۆڵەتیان پێ نادرێت و جیاوازیی زۆر دەكرێت لەگەڵ فەرمانبەرانی تر، تەنانەت هەیە دووچاری نەخۆشی یان برینداربوون بوونە و لە فەرمانگە دەركراون“.

دووپاتیشی كردەوە، لەگەڵ دامودەزگاكانی حكوومەت لەسەر خەت دەبن بۆ دابینكردنی مافی ئەو فەرمانبەرانە، گوتیشی: ”بە سەدان فەرمانبەری گرێبەست هەن و چەندین ساڵە خزمەتی گرێبەستییان هەیە، ئێستا تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنشینی، كەچی دانەمەزرێندراون و مافی خانەنشیشیان لەدەست چووە، بۆیە دەبێ رێگاچارەیەك بۆ ئەوانەش بدرۆزرێتەوە و بڕیارێكیان بۆ لە پەرلەمان یان لە حكوومەت دەربچێت“.










باسنيوز
Top