"رێگری لە کاری ٤٦٠ رێکخراوی مەدەنی دەکرێ"

بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، بەغدا كێشە و ئاستەنگی بۆ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دروست كردووە و حەشدی شەعبی لە سنووری ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان ڕێگری دەكات.

لە ھەرێمی كوردستاندا نزیكەی چوار ھەزار ڕێكخراوی ناحكوومی تۆمار كراون و بەغدا ڕێگری لەو ڕێكخراوانە دەكات كە لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان كاری خۆیان بكەن. لەو بارەیەوە ئەكرەم جەمو، سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری قەدەغەكردنی كاری ڕێكخراوەیی لە ڕێكخراوەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، گرێ دراوە بە پرسە سیاسییەكان و سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ھەوڵی زۆرمان داوە لەگەڵ بەغدا بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە، لە سێ ڕێگاوە ھەوڵمان داوە لەگەڵ بەغدا كۆ ببینەوە".



ئەو ڕێكخراوانەی دەیانەوێ ھاوكاریی خەڵكی لێقەوماوی مووسڵ و كەركووك و شنگال و خورماتوو بكەن، لە لایەن ھێزەكانی حەشدی شەعبییەوە ڕێگرییان لێ دەكرێت و تەنانەت لە ڕووی بانكییەوە ڕێگەیان نادرێت ھاوكارییەكان بگەیەننە ئەو ناوچانە، ئەكرەم جەمو زیاتر گوتی: "ھەندێ كێشەمان لەگەڵ بەغدا ھەیە لەبارەی ڕێكخراوەكانەوە، چونكە ٤٦٠ ڕێكخراوی تۆماركراومان ھەیە كە دەكەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ھەروەھا كێشەی بانكیمان ھەیە و لەگەڵ ئەوەی چەندین جار پەیوەندیمان بە لایەنی بەغداوە كردووە، ئەنجامی نەبووە".



سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "ئەو ڕێكخراوانە زیاتر دەكەونە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و شنگال و كەركووك و خانەقین، بەر لە ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، بە شێوەیەكی ئاسایی كاری ڕێكخراوەیی خۆیان دەكرد، بەڵام دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر لە لایەن دەستەڵاتی بەغداوە ئاستەنگ بۆ ئەو ڕێكخراوانە دروست كراوە و ڕێگەیان پێ نادرێت كاری خۆیان بكەن، ئەمەش بڕیارێكی سیاسییە و پێچەوانەی یاسایە".



مەرجی بەغدا بۆ كاركردنی ئەو ڕێكخراوانە ئەوەیە، خۆیان لە لای ئەوان تۆمار بكەن و بە پێی دەستووری عێراقیش ئەو یاسا و بڕیارانەی لە ھەرێمی كوردستانەوە دەردەچن، شەرعییەتی دەستوورییان ھەیە، پەیوەست بەو پرسەوە، جەمو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "حەشدی شەعبی ڕێگە نادات لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئەواندان كاری ڕێكخراوەیی بكرێت، تەنیا ژمارەیەكی زۆر كەم ڕێكخراو ھەن كار دەكەن لەو ناوچانەدا، ئەوانیش خۆیان تۆمار كردووە لە بەغدا، كە ژمارەی ڕێكخراوەكان لەو سنوورە كوردستانییانە ٦٠٠ ڕێكخراون و ڕێگە نادرێت ئەوانەی تەنیا لای ئێمە تۆمار كراون كار بكەن، ئەوانەیش وەك گوتم ٤٦٠ ڕێكخراوێك دەبن، ئەمە لە كاتێكدایە دەستوور ڕێگەی پێ داون كار بكەن".

بەشێك لەو ڕێكخراوانەی دەیانەوێ لە ڕێگەی ھەرێمی كوردستانەوە ھاوكاریی ناوچەكانی دیكەی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەن، ڕێكخراوی بیانی و نێودەوڵەتین، ئەكرەم جەمو ڕوونی كردەوە: "كاری ڕێكخراوەیی، كارێكی مرۆڤییە و ئێمە لە ھەرێمی كوردستان كاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش پێشوازیمان لە ملیۆنێك و ٨٠٠ ھەزار ئاوارە كرد، لەبری ئەوە، بەغدا ڕێگرە چالاكی بكەین لەو سنوورانەی ژێر دەستی ئەوان، ئەوەش پاداشتی بەغدایە بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان".
kdp-
Top