ئه‌بووبه‌كر عه‌لی: عێراق به‌ره‌و داڕووخان ده‌ڕوات
چاودێرانی سیاسی پێیان وایه، حكوومه‌تی عێراق ڕه‌گه‌زی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی هاوچه‌رخی تێدا نییه و له‌سه‌ر په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌ده‌نی له نێوان پێكهاته‌كانی عێراق دروست نه‌بووه، بۆیه شتێكیش نییه به ناوی ده‌وڵه‌تی عێراق به مانا هاوچه‌رخه‌كه‌ی، عێراقیبوون بووه‌ته بارگرانی به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و پێكهاته‌نه‌ی له‌و عێراقه‌دا ده‌ژین.
ئه‌بوبه‌كر عه‌لی، چاو‌دێر و شرۆڤه‌كاری سیاسی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "عێراق ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی مه‌ده‌نی تێدا نییه، له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نیی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی عێراق بنیات نه‌نراوه له ساڵی ١٩٢١ بۆ پێداویستی به‌ریتانییه‌كان و هاوسه‌نگیی مه‌زهه‌بی، ده‌وڵه‌تی عێراق دروست ده‌بێت، كه‌واته ئه‌و ده‌وڵه‌ته له دایكبوونێكی ناسروشتی له‌دایك بووه، نه‌ده‌بوو ئه‌و عێراقه ئه‌وه‌نده درێژه بكێشێت وه‌ك ده‌وڵه‌ت، كاتێكیش درێژه‌ی كێشاوه ئه‌وه له‌سه‌ر كه‌رامه‌ت و ماف و ژیانی ڕۆڵه‌كانییه‌تی".
ئێستا به هۆی خۆپێشاندانه‌كانی پارێزگاكانی عێراق و په‌رتبوونی ناوماڵی شیعه و ناته‌باییی زۆر له نێوان سوننه و شیعەدا، ئه‌بووبه‌كر عه‌لی ده‌ڵێ: "ئه‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌مڕۆ له شه‌قامی عێراق ده‌گوزه‌رێن هه‌ڵقه‌ییه‌كی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣یه، كه‌وا ئیدیعا ده‌كرا ده‌توانرێت، دابڕانێك بكات له‌گه‌ڵ عێراقی پێش ٢٠٠٣، كه عێراقێك بێت شوێنی كوشتن و په‌راوێزخستن و سه‌ركوتكردنی تێدا نه‌بێته‌وه، به‌ڵام ته‌واوی ئه‌و وێنانه‌ی هه‌یه پێمان ده‌ڵێن، عێراق هیچ گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی به‌سه‌ر نه‌هاتووه، له‌چاو عێراقی پێش ٢٠٠٣، كه گۆڕینی سیسته‌م، به‌شی چاکكردنی دۆخی عێراق ناكات".
ئەبووبەکر عه‌لی پێی وایه: "ئه‌و حكومه‌ته‌ی ئێستا به ناوی حكوومه‌تی عێراقەوە هه‌یه به‌ره‌و داڕووخان هه‌نگاو ده‌نێت، كاتێك كورد ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام دا، ئه‌و ده‌وڵه‌ته هێزی سه‌ربازی دژی کوردستان به‌كار هێنا و ناوچه كوردستانییە‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانی داگیر كرد، كه مامه‌ڵه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كرد نه‌ده‌بوو له عێراقی نوێ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، كه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كورد گورزێك بوو له قه‌دی عێراق درا بۆ وشكبوون و داڕزاندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بوو، ئه‌گه‌ر كورد بتوانێت به‌باشی بیقۆزێته‌وه ئه‌وه داڕووخانی عێراق خێراتر ده‌كات".
ئه‌و شرۆڤه‌كارە سیاسییه دەشڵێ: "ته‌واوی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌مڕۆ له نێوان پێكهاته و مه‌زهه‌به‌كانی عێراقدا هه‌یه سه‌لماندی كه ناکرێ ئه‌و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وانه له عێراقدا پێكه‌وه بژین و له په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا مافه‌كانی هه‌موان پارێزراو بێت. كاتێك عێراق نابێته ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی و پێكه‌وه‌ژیان، له ئاست پێكهاته‌كانیشی پارچه پارچه ده‌بێت. به مانایه‌كی تر، ئه‌گه‌ر حزبه‌كان تا دوێنێ تایەفی بووبن، ئه‌وه ئێستا تایەفیش نه‌ماون، بچووك بوونه‌ته‌وه بۆ ئاستی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆر، به‌تایبه‌تی له ئاستی شیعه‌دا كه خۆیان به خاوه‌نی عێراق ده‌زانی و ده‌یانویست ده‌وڵه‌تێكی شیعه‌گه‌را بنیات بنێن، کەچی ئێستا وێرانه‌یه‌كیان بنیات ناوه كه ده‌نگی ناڕازی لێیان به‌رز بووه‌ته‌وه."
kdp-
