نەوزاد هادی وردەکاریی هێرشە تیرۆریستییەکەی پارێزگای هەولێری ڕاگەیاند

 نەوزاد هادی وردەکاریی هێرشە تیرۆریستییەکەی پارێزگای هەولێری ڕاگەیاند
پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا وردەکاریی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر بارەگای پارێزگای هەولێری ڕاگەیاند و دواتر بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کرد کە ناسنامەی تیرۆریستەکان لای ئەوان ئاشکرایە.

کەمێک لەمەوبەر نەوزاد هادی، پارێزگای هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: ”بەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:١٢ خولەک، سێ تیرۆریست هەڵیانکوتایە سەر بارەگای پارێزگای هەولێر. لە کاتێکدا باڵاخانەیەکی مەدەنییە و شەو و رۆژ لە خزمەتی هاووڵاتییانە. ئەم پۆلیس و پاسەوان و فەرمانبەرانە لە خزمەت هاووڵاتییان دان. تیرۆریستان پێشتریش هەڵیانکوتاوەتە سەر پارێزگا و پۆلیسێکیان بریندار کرد، هەر ئەوکاتە چوونە نێو بارەگای پارێزگا، دەست بەجێ قارەمانەکانی ئاسایشی هەولێر هاتنە نێو باڵاخانەکە و لە ماوەیەکی کورتدا دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کرد و هەرسێ تیرۆریست کوژران. بەداخەوە خزمەتگوزارێک شەهید کرا“.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”خەڵکی دڵنیا دەکەینەوە کە دەزگا ئەمنی و فەرمانبەر و ئاسایش و پۆلیس لە خزمەت هاووڵاتییان و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەبێت و ئەم جۆرە عەقڵیەتە دواکەوتووانەیە و تیرۆریستییانە ناتوانن کارمەند و قارەمانانی ئێمە بێئومێد بکەن. خەڵک دڵنیا دەکەینەوە ئێمە لە خزمەت هاووڵاتییان دەبین“.

هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ”ناسنامەی تیرۆریستەکان لای ئێمە ناسراون و خەڵکی هەولێرن و دواتر لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە دەکەین. دواتر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین“.

هەر لە پرێس کۆنفرانسەدا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاند: ”شار ئارامە، ئەوانەی ئەم کردەوە تیرۆریستییەیان ئەنجام دا، سەرجەمیان کوژران، ئەوەی کرا ئاسایشی هەولێر هەموو زانیارییەکانیان لایە و دواتر بڵاوی دەکەنەوە“.









باسنيوز
Top