کۆمسیۆن وردەکاریی پێشکەشکردنی کاندیدی لایەنەکان ئاشکرا دەکات
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە ڕێکەوتی ٧\٧\٢٠١٨ داوایان لە قەوارە سیاسییەکان کردووە، بۆ ئەوەی ناوی کاندیدەکانییان پێشکەشی کۆمسیۆن بکەن، ئەو وادەیەش تا ٢٥\٧\٢٠١٨ بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی کۆمسیۆن باسی لە مەرجەکانی وەرگرتنی کاندیدەکان کرد و گوتیشی: "بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ شەش مەرج دیاری کراوە، ئێمەش ئەو مەرجانە بۆ کاندیدەکان ڕەچاو دەکەین، ئەوانیش بریتین لە توانای نووسین و خوێندنەوەی ھەبێت، ڕابردووی پاک بێت و بەشداری لە ڕێکخستنەکانی حزبی بەعس نەکردبێ و ئەندامیان نەبووبێت، تەمەنی لە ٢٥ ساڵ کەمتر نەبێت، دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بێت".
ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو داوایانەی بۆ ئەوان دێت ئاراستەی ھەریەکە لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستانی دەکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش لێکۆڵینەوە خۆیان لەبارەی کەسایەتی و ڕابردووی ئەو کاندیدانەوە بکەن، تا بزانن ھیچ گرفتێکی یاسایی نییە".
شێروان زرار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تا ئێستا لیستی پاڵێوراومان بۆ نەھاتووە، ئەو بابەتەش بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی بەجێ دەھێڵین، ھەر کاتێک ئەوان شتێکیان لەسەر ئەو کەسە، یان کەسێکی دیکە ھەبێت، ئەوا دەتوانن تێبینیی خۆیان بنووسن و ئەنجومەنی کۆمیسیاران بە ھەند وەری دەگرێت، جا ئەگەر لە ھەر ئاست و ھەر حزبێکی دیاریکراویشدا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوا بڕیار لەلای ئەنجومەنی کۆمیسیارانە".
باسنیوز
