شێخ جەعفەر: شێوازێكی نوێی عەرەباندن لە خانەقین دروست بووە.. ناونووسینیش دەستی پێكردووە

شێخ جەعفەر: شێوازێكی نوێی عەرەباندن لە خانەقین دروست بووە.. ناونووسینیش دەستی پێكردووە
بەرپرسی لقی 15ی پارتی دەڵێ، حكوومەتی عێراق شێوازێكی نوێی چەكداریی داهێناوە، كە لە هەر گوندێك خەڵكەكەی چەكدار دەكرێن و پارە و چەكیان پێ دەدرێت تا پارێزگاری لە خۆیان بكەن، ئەمەیش مەترسییەكی زۆری هەیە و خەریكە بەرەو ناوچە كوردییەكانیش پەرە دەستێنێت و شێوازێكی نوێی عەرەباندنە.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق هەر جارە و بە جۆرێك هەوڵی بەعەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكان دەدات، چونكە ماوەیەكە داعش سەری هەڵداوەتەوە و هەڕەشە لە گوندەكان دەكەن، هێزە عێراقییەكانیش لێی بێدەنگن و لە ئێستادا دەیانەوێت خەڵكی گوندەكان چەكدار بكەن بۆ ئەوەی هەموو خەڵكەكە بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق خۆی هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنی بووە بۆ ئەوەی خەڵكی گوندەكان ناچار بكرێن خۆیان بكەنە چەكداری ئەوان، ئەمەیش شێوازێكی نوێی بەعەرەبكردنە".

بەرپرسی لقی 15ی پارتی گوتیشی: "لە سنووری قەرەتەپە و جەبارە و جه‌لەولا و ناوچەكانی دیكەی خانەقین، ناونووسین دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی هێزێك دروست بكرێت بە ناوی حەشدی نیشتیمانییەوە و، ناونووسینەكەیش لە هەموو ناوچەكان دەستی پێكردووە و تەنانەت زانیاری هەیە لە هەڵەبجەش خەڵك ناوی خۆیان نووسیووە و لەدەوروبەری كەلاریش هەروەها، بۆیە گەر رێگری لەو كارە نەكرێت، مەترسیدارە و شێوازێكی نوێی عەرەباندنە و دەست بەسەر هەموو ناوچەكەدا دەگرن".

شێخ مستەفا ڕوونیشی كردەوە، بۆ ئەوەی خەڵكەكە رازی بكەن و خۆی ناونووس بكات، باسیان لەوە كردووە كە خۆتان بكەنە چەكدار و لە گوندەكانی خۆتان دەوام بكەن و پارێزگاری لە گوندەكانی خۆتان بكەن و چەك و مووچەی 750هەزار دینارییان بۆ دەبەنە ماڵەوە.

مستەفا باسی لەوەش كرد، پێویستە هەرێمی كوردستان رێگری بكات و رێگە نەدات بگاتە هەرێمی كوردستان، چونكە دیاردەی چەكداری زۆر دەبێت و ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە.

ئاماژەیشی دا، دەركەوت بێدەنگبوونی حكوومەتی عێراق بۆ ئەوە بووە ئەو جۆرە هێزانە دروست بكات و خەڵكی گوندەكان ناچار بكات بكرێنە چەكداری ئەوان، چونكە خەڵك دەزانێ هەڕەشەی لەسەرە و ناچارە ببێتە چەكداری ئەوانە، لەبەر ئەوەی هەر شەوی رابردوو لە گوندی مەردان تەقە لە هاووڵاتییەكی دیكە كراوە و گیانی لە دەست داوە.
kdp-
Top