ھەڵسووڕاوێکی گۆڕان: ڕەنگە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لە هەڵسوکەوتی برادەران بترسن
ئازادە ڕەش، ھونەرمەند و ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: "ئەو بەرپرسانەی گۆڕان کە باسی کێشەی ناوخۆیی بزووتنەوەکە دەکەن، کێشەی شەخسییان ھەیە و کێشەی فکرییان نییە، بەڵام ھەر بەرپرسێکی گۆڕان، ئەگەر لە ھەر حاڵەتێکدا گردی زەرگەتە چۆڵ بکات، جگە لەخۆی و پاسەوانەکانی، ھیچ کەسێکی دیکەی لەگەڵ ناچێتە دەرەوە، چونکە ”ئەوان ھیچ کەسێکیان لەگەڵدا نییە و ھەرگیز بەراوردی نەوشیروان مستەفا ناکرێن، چونکە کاتێک ئەو ڕیزەکانی یەکێتی بەجێھێشت، بەرپرس و لایەنگرێکی زۆری یەکێتی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا چوونە دەرەوە، بەڵام ئەوکەسانە ھیچ لایەنگر و ھەڵسوڕاوێکی گۆڕانیان لەگەڵ نییە، بۆیە ھیچ کات مەترسی بۆ سەر گۆڕان دروست ناکەن“.
ئەو ھەڵسوڕاوەی گۆڕان، ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەو کەسانەی وەکو بەرپرسی گۆڕان دێن و دەچن، وەک سەرکردە و ڕابەر سەیریان ناکات، بەڵکوو تەنیا وەکو تاکێک سەیریان دەکات، چونکە ”لەناو گۆڕاندا بە چاوی سەرکردە سەری ئەو کەسانە ناکرێت، تەنھا وەکو ھەڵسووڕاوێک سەیریان دەکرێت، بۆ ئەوەی سەری خۆیان لێ نەشێوێ و خۆشیان لێ نەبێت بە شت، چونکە ھەوادارانی گۆڕان دوای پەیامی نەوشیروان مستەفا کەوتوون، بۆیە ئەگەر ئەوانە ڕیزەکانی گۆڕان بەجێبھێڵن، ڕەنگە بۆ گۆڕان باشتر بێ و خراپتر نەبێت“.
ئاشکراشی کرد، ئەو کەسانەی باسی کێشەی ناوخۆیی دەکەن، ”کێشەی شەخسیان ھەیە“ و ”لەو جۆرە کەسانە نین کە ئەگەر بڕۆن، گۆڕان ھەرەس بھێنێت“. گوتیشی: ”ئێستا ئەو کێشانە نەماوە، چونکە کادیرە دڵسۆزەکانمان هەڕەشەیان لێ کردوون، یان گردەکە بەجێ بھێڵن، یان وەکوو ھەڵسووڕاوێکی دڵسۆز خزمەتی خەڵکی بکەن“.
بە گوتەی ئازادە ڕەش، ھەڵسووڕاوی گۆڕان، گردی زەرگەتە لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا تاپۆ نەکراوە، چونکە ”ئەو گردە بەناوی کۆمپانیای (وشە) بووە، دواتر کۆمیانیای (وشە) بەناوی نەوشیروان مستەفا کراوە، ھەروەھا ئەویش بۆ ماوەیەک ئەو کۆمپانیایەی بەناوی بابەکر دڕەیی کردووە، دواتر بەپێی شەرع و یاسا کاتێک نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد، ئەو کۆمپانیایە کرا بەناوی کوڕەکانی“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”کچەکەی نەوشیروان مستەفا لە بەشەکەی خۆی خۆش بووە، چونکە ئەو بەتەمای ئەوە نەبوو گردەکە بخاتە موزایەدەی بازاڕەوە، بەڵام کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەترسن، لە هەڵسوکەوتی برادەران ڕەنگە بترسن، بۆیە هێزێکی ماددی پاڵپشتیان بێ، هەم ئەوان بۆ بزووتنەوەکە و هەم هێزە ماددییەکەش بۆ ئەوان تاوەکوو ڕێزیان لێ بگیرێت و حەزەریان لێ بکەن و شاربەدەریان نەکەن“. دەشڵێت: ”کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دێوەزمە نین، ئەوە چیایە ١٠ ساڵە لە گردەکە ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بووە، مافی ئەوەی هەیە حەزی لە ئیشە، ئیشی پێ بدرێ، هەر لەبەر ئەوەی کوڕی نەوشیروان مستەفایە ئیتر دەربکرێ؟“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، کچەکەی نەوشیروان مستەفا، لە بەرامبەر وەرگرتنی موڵکێکی باوکی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لە موڵکەکانی باوکی لە شاری سلێمانی خۆش بووە.
باسنيوز
