هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕاگەیاندرا

 هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕاگەیاندرا
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی حکوومەتی لە بارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق لەلایەک و ڕاگرتن و سنووردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەکی دیکە کرد.

پاش ئەوەی حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندانەکاندا، بڕیاری ڕاگرتنی هێڵی ئینتەرنێت و دواتر سنووردارکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەرکرد. سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ”بێگومان لایەنگری ڕاگرتن و سنووردارکردن نییە، بەڵام دیارە بارودۆخی ئەو ناوچانە وا دەخوازێت. هیوادارین گرفتەکان زوو چارەسەر بکرێن و چیتر پێویست بەم هەنگاوانە نەکات“.

گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست، لەلایەکەوە حکوومەتی عێراق ”داواکارییە ڕەواکان“ جێبەجێ بکات، لەلایەکی دیکەشەوە خۆپیشاندەران ”بە شێوازێکی دوور لە توندوتیژی“ داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن و زیان بە موڵکی گشتی نەگەیەنن.

سەفین دزەیی داواشی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد، ڕێز لە خۆپیشاندەران بگرن و ”توندوتیژی بەکار نەهێنن“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای دەست پێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە کە سەرەتا لە شاری بەسڕەی ئەوپەڕی باشووری عێراق دەستی پێکرد و دواجار تا بەغدای پایتەختی عێراقیش پەرش و بڵاو بووەوە، ١٠ خۆپیشاندەر کوژران و سەدان کەسیش لە ڕیزەکانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.









باسنيوز
Top