هەولێر و بەغدا لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان رێک کەوتن

 هەولێر و بەغدا لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان رێک کەوتن
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێک کەوتوون لەسەر کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان.



کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، هەولێر و بەغدا چوار رێک کەوتنیان کردووە و ئێستا رێککەوتنەکان لەبەردەم حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقە.



کەریم شنگالی هەروەها رایگەیاندووە، یەکێک لەو رێککەوتنانەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژۆیان کردووە، تایبەتە بە کردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی.



وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا بە سەردانێک لە ئەمریکایە، ئاماژەی بە پاڵپشتیی ئەو وڵاتە بۆ دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە و رایگەیاندووە، ”به‌رپرسانی ئه‌مریكی پشتگیریی له‌ هه‌رێمێكی كوردستانی یه‌كگرتوو و به‌هێز له‌نێو عێراقێكی فیدڕاڵیدا ده‌كه‌ن“.



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی.




k24
Top