بەرپرسێکی پارتی: تا دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە ناگەڕێینەوە خورماتوو
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خورماتوو، ڕایگەیاند: ژمارەیەك لە حزبە كوردستانییەكان لە نێویاندا یەكێتی لە شارەدێی ڕزگاری سەر بەكەلار كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا بۆ تاوتوێكردنی گەڕانەوەیان بۆ خورماتوو، ”بەڵام ئێمە نەچوینە ئەو كۆبوونەوەوە“.
ئەرسەلان عەلی هەروەها رایگەیاند، تا دۆخی شاری خورماتوو ئاسایی نەبێتەوە، ”ئێمە ناگەڕێینەوە خورماتوو و بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لەو شارە ناکەین“.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاشکرای کرد، کە ئەو لایەنانەی لە کۆبوونەوەکەی رزگاری بەشدارییان کرد، دەیانەوێ لەم هەفتەیەدا سەردانی خورماتوو بکەن و لەگەڵ قایمقامی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو کۆ ببنەوە و داوای گەڕانەوە بکەن.
ئەرسەلان عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، فەرماندەی پۆلیسی سەڵاحەدین رایگەیاندووە، تا لە سووری خۆیەوە فەرمانی بۆ نەچێت، ناتوانێ رێگا بە گەڕانەوەی بارەگای هیچ حزبـێکی کوردستانی بۆ خورماتوو بدات.
هەروەک ئەو بەرپرسەی پارتی رایگەیاند، ئەو حزبانەی هەوڵی گەڕانەوە بۆ خورماتوو دەدەن، ئامانجیان ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کۆکردنەوەی دەنگە لە سنوورەکەیە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
