عەدنان کەرکووکی: دانانی ھەر کەسێک بە پارێزگاری کەرکووک ھیچ لە بارودۆخی ئێستای شارەکە ناگۆڕێت

 عەدنان کەرکووکی: دانانی ھەر کەسێک بە پارێزگاری کەرکووک ھیچ لە بارودۆخی ئێستای شارەکە ناگۆڕێت
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ئاماژە بەوە دەدات، کە دانانی ھەر کەسێک بە پارێزگار، ھیچ لە بارودۆخی کەرکووک ناگۆڕێت.

عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "تا ئێستا ھیچ زانیارییەکمان نییە سەبارەت بەوەی کە کۆبوونەوەیەکی فەرمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت، بەڵام ھەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە ھەیە، ئێمەش ھەرگیز دەنگ نادەین بە کاندێدێک بۆ پارێزگاری کەرکووک کە لە گرووپی 16ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی بێت".

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، ئەوەشی خستەڕوو، کە ھەر کەسێک بە پارێزگاری کەرکووکیش دابنرێت، لە بارودۆخی ئێستای شارەکە ناگۆڕێت، چونکە شارەکە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە داگیر کراوە، چونکە لە ژێر سایەی میلیشیاکان ھیچ دەسەڵاتێکت نابێت.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک، خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد، نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

رۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.









باسنیوز
Top