كونسووڵی توركیا لە هەولێر: لە هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین هاووڵاتيانى مەدەنی نەكوژراون
محەمەد ئاكیف، سەركونسووڵی توركیا ئەمڕۆ سێشەممە 2018/1/30 لە هەولێر، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕای گەیاند: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین شەڕە لەدژی تیرۆر و لەو ئۆپەراسیۆنەدا بە هیچ شێوەیەك هێرش ناكرێتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لەشكری ئێمە هاووڵاتییانی مەدەنی نەكوشتووە و هەندێك دیمەن لەسەر كوشتنی هاووڵاتییان بڵاو دەكرێنەوە ناڕاستن و دەیانەوێت پەیامێكی هەڵە نیشان بدەن، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە تا ئێستا زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی نەگەیشتووە".
ئەمە لەكاتێك دایە كە هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە ئەنجامی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین سەدان هاووڵاتیی مەدەنی كە لە نێویاندا منداڵ هەیە شەهید و بریندار بوونە.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژئاوای کوردستان، لە پریس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد: "لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا و لە سەرەتای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین بەپێی زانیارییەکانی نەخۆشخانەی عەفرین، 100 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و 200 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جیاوازە لە شەهید و برینداربوونی شەڕڤانانی یەپەگە".
رۆژی شەممە 20/1/2018، سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنيوز
