پارتی و یەکێتی دەیانەوێ تا هەڵبژاردنەکانی کوردستان حکوومەتی زۆرینە پێکبهێنن

 پارتی و یەکێتی دەیانەوێ تا هەڵبژاردنەکانی کوردستان حکوومەتی زۆرینە پێکبهێنن
لە ئاستی باڵای پارتی و یەکێتیدا قسە لەسەر ئەوە کراوە تا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کوردستان، بەیەکەوە حکوومەتی زۆرینە پێکبهێنن، پەرلەمانتارێکی پارتیيش ئاماژە بەوە دەدات، لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییەی حکوومەت دەستی پێ کردووە، دیراسەی ئەوەش دەکرێ هەیکەلی حکوومەت بۆ 11 وەزارەت کەم بکرێتەوە.

لەدوای کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، کە سێ پارتی ئۆپۆزسیۆنی پێشووی حکوومەت بوون و لە چوارچێوەی حکوومەتی بنکەفراوان چەندین پۆستی باڵایان وەرگرت، دواتریش لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کشانەوە و خۆیان وەکوو ئۆپۆزسیۆن ناساندەوە، ئێستا بەپێی زانیارییەکانی (باس)، لە ئاستی باڵای پارتی و یەکێتیدا قسە لەسەر ئەوە کراوە، حکوومەتێکی زۆرینە تا هەڵبژاردنەکانی کوردستان دابمەزرێنن و هەندێ لەو پۆستانەی کە بەهۆی کشانەوەی ئەو هێزانە بەتاڵ بوون و پێویست دەکات پڕ بکرێنەوە، رێککەوتنیان بۆ بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار بۆ (باس) رای گەیاند، وا بڕیارە رێککەوتنەکە سەرەتا لە پەرلەمانەوە روو بدات و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بدرێتە یەکێتی و بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە پشکی یەکێتی، ئەو پۆستە تا هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو تەمەنەی پەرلەمان ماویەتی، وەربگرێت.

بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، کشانەوەی ئەو هێزانە لە حکوومەت وای کرد حکوومەتی بنکەفراوان نەمێنێت و بیر لە رێککەوتنێکی دیکە لەنێوان پارتی و یەکێتی بکرێتەوە، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە، گوتی: ”ئێستا کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانیش پێویستیان بە رێککەوتنێکی نوێی نێوان پارتی و یەکێتی هەیە، چونکە لە راستیدا حکوومەتی بنکەفراوان نەماوە”.

لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیشەوە، کە ئەو پۆستە بە یەکێتی بدرێت، بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا، کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێشتر بە رێککەوتنی سیاسیی نێوان پارتی و گۆڕان بەر گۆڕان کەوتبوو، ئێستا گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ لە حکوومەت کشاونەتەوە، کەوابێت ئەو پۆستە دەبێتە حەقەبەشی ئەو هێزانەی کە لە حکوومەتدا ماون، بەڵام تا رێککەوتن لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نەکرێت ناتوانرێ ئەو پۆستە پڕ بکرێتەوە، گوتیشی: “بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێ دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی پەرلەمان لە هەمان ئەو دانیشتنە بخرێتە دەنگدانەوە، کە دەنگدان بۆ سەرۆکێکی دیکە دەکرێت، لەبەرئەوە تا رێککەوتنەکە روو نەدات ئەو پرسە ناخەنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە”.

لای خۆشیانەوە، فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییانەی حکوومەت دەستی پێ کردووە، کار دەکرێت بۆ بچووکردنەوەی ھەیکەلی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چاوەڕێ دەکرێت، حکوومەت بیکاتە پڕۆژە و بۆ پەرلەمانی ڕەوانە بکات تا پەسەند بکرێت".

ئەوەشی خستە ڕوو، پێویستە ھەیکەلی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بچووک بکرێتەوە و دەکرێ حکوومەت بە 10 بۆ 11 وەزارەت بەڕێوە ببرێت، بەڵام ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە دیراسەکردندایە و لەلایەن حکوومەتەوە کاری لەسەر دەکەن.

ئاماژەی بەوەش دا، فراکسیۆنی پارتی پشتیوانیی هەر پڕۆژەیەک دەکات، کە لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستاندا بێت.




باسنيوز
Top