پەرلەمانتارێک: ئامانجی حەشدی شەعبی لە كەركووك نەهێشتنی کوردە لەو شارە
هیڤا میرخان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ڕايگەیاند: "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ دوو ئامانجی سەرەكی كەركووكیان داگیر كرد، ئەو ئامانجانەشیان بریتین لەوەی كە ئەوان دەیانەوێت هەرچی سامانی سروشتیی كەركووكە، بەتایبەت نەوت بۆ خۆیان ببەن و ئامانجەكەی دیكەشیان بە شیعەكردنی سنووری پارێزگای كەركووكە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "میلیشیاكان گشت هەوڵێكیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی كورد لە كەركووك نەهێڵن ئەو میلیشیایانە شۆڤێنین و هەموو كردەوەیەكی توندوتیژی دژ بە كورد لە كەركووك و خورماتوو ئەنجام دەدەن."
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون. ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە". ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
