ئەحمەد قەدەفەری: یەکێتی ناتوانێت خۆی لە نەجمەدین کەریم بێبەری بکات و ھیچ کەسێک ناتوانێ کەسێکی دیکە لەناو یەکێتی دەربکات
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، ڕاگەیاند: یەکێتی بەھۆی کێشەکانییەوە نەیتوانیوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بەستنی کۆنگرە بدات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ھەموومان داوای بەستنی کۆنگرە دەکەین بۆئەوەی یەکێتی نوێ بکەینەوە و بیکەینەوە بە حزبەکەی بەڕێز مام جەلال".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەشی بەوە کرد: "ئەگەر کۆنگرە نەبەستین، ئەوا ناتوانین گۆڕانکاری لە حزبەکەماندا بکەین، بەڵام ھەموو ھەوڵێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بۆ ئەوەیە کە یەکێتی لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵدا کۆنگرەی چوارەم بەستێت، بێگومان ھەموومان دەمانەوێ کۆنگرەیەکی مۆدێرن ببەستین بۆ ئەوەی بە برایەتیی ھەموو ھەڤاڵانی یەکێتی درێژە بە ڕێبازەکەی مام جەلال بدەین".
ئەحمەد قەدەفەری ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیاری ئەوە دراوە، بە چەپڵەڕێزان ھیچ کەسێک پۆست وەرنەگربت، بۆیە نازانم ئایا کۆسرەت ڕەسوڵ وەک کەسی یەکەمی ناو یەکێتی دیاری دەکرێت، یان کەسێکی دیکە، چونکە بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بڕیار لەسەر ھەڵبژاردنی کەسێک بۆ بەڕێوەبردنی ئیش و کارەکانی یەکێتی دەدەین".
دەربارەی چارەنووسی دکتۆر نەجمەدین کەریم کە تا خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەن گرووپێکەوە ئەنجام درا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو و تاوەکوو ئێستاش بە فەرمی لەو پۆستەی لانەدراوە، ئەحمەد قەدەفەری نەیشاردەوە: "یەکێتیی ناتوانێ خۆی لە نەجمەدین کەریم بێبەری بکات، چونکە لە کۆنگرەدا بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی ھەڵبژێردراوە و دواتر پەسەند کراوە بۆ مەکتەبی سیاسی، بۆیە تاکوو خۆی دەست لەکار نەکێشێتەوە، ھیچ کەسێک ناتوانێ کەسێکی دیکە لەناو یەکێتی دەربکات، بۆیە ئێستاش دکتۆر نەجمەدین بەشێکە لە یەکێتی و ئەندامی سەرکردایەتییە، بەڵام لە کۆنگرە بڕیار لەسەر ئەو کەسانە دەدرێت کە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، یان دەیانەوێ واز لە یەکێتیی بھێنن".
دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەردەوام بانگەشەی ئارامیی ڕەوشی کەرکووکیان دەکرد و تۆمەتیان ئاراستەی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک دەکرد و تۆمەتی جۆراوجۆریشیان ئاراستە دەکرد. یەکێک لەو کەسانە لاهوور جەنگی بوو کە گوتبووی نەجمەدین کەریم ناگەڕێتەوە نێو یەکێتی و ڕای گەیاندبوو، بە نەجمەدین کەریمی گوتووە لە کەرکووک نەڕوات تاوەکوو هێزی بۆ دەنێرێت، بەڵام ئەو ڕۆشتووە. لە بەرامبەریشدا نەجمەدین کەریم لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕای گەیاند کە لاهوور جەنگی ڕاست ناکات و ئەو تۆمارە دەنگییەی کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دەکات، ئەگەر هەیەتی، با بڵاوی بکاتەوە.
باسنیو
