بەرپرسێکی یەکێتی دەست لەکار کێشانەوەی لە حزبەکەی ڕاگەیاند
د. ئەمین عەزیز جواد داودی، جێگری پێشووی پارێزگاری سەڵاحەدین، لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک)، بڵاوی کردەوە: "بە ھەموو خەڵکی ڕادەگەیەنم کە ھیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەماوە".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، تا بتوانم خزمەتی خەڵک دەکەم، بەتایبەتی خەڵکی شاری خورماتوو.
د. ئەمین عەزیز جواد، لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە ساڵی ٢٠٠٩ ھەڵبژێردرا بۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و پاشان لەسەر پشکی یەکێتیی پۆستی جێگری پارێزگاری سەڵاحەدینی وەرگرت و ئێستاش وازھێنانی خۆی لە حزبەکەی ڕاگەیاندووە.
ھەفتەی ڕابردووش، حەسەن بارام، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی لە خورماتوو، دەستی لە حزبەکەی کێشایەوە.
دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کە بەڕێکەوتنی گرووپێکی خیانەتکار، کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنورەیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد، ئەمەش کاردانەوەی جۆراوجۆی بەداودا ھات و بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی لە کەرکووک و خورماتوو وازھێنانی خۆیان لەحزبەکەیان ڕاگەیاند.
شاری خورماتوو، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کە لە کورد و تورکمان و عەرەب پێکدێت و لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی ٢٧/١٢/٢٠١٧ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
