ئەنجومەنی ئاسایش جارێکی دیکە لەسەر پرسەکانی ئێران کۆ دەبێتەوە
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی (بیبیسی) ئامانج لەو بانگهێشتەی ئەمریکا و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، ختسنەڕووی ئەو بەڵگە دیکیۆمێنتانەیە کە ئێران چەکوچۆڵ بە حووسییە شیعەکانی یەمەن دەدات و بە نموونە ئەو مووشەکانەیە کە ڕوو بە سعوودیە هاوێژراون.
بڕیارە باڵیۆزانی 15 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا جیا لە کۆبوونەوە، خوانێکی نیوەڕۆ بکەن.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دەوڵەتی ئەمریکا کۆمەڵێک زەخت و گوشاری دیپلپماسیی لەدژی کۆماری ئیسلامی دەست پێکردووە.
چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکا و بەتەیابت کۆنگرێسمانەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ئێران بە هەناردنی چەکۆچۆڵ بۆ میشلیشیا شیعە حووسییەکان، هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە.
لەمبارەوە نیکی هیلی، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشتر بە نمایش و پیشاندانی ئاسەواری مووشەکی هاوێژراوی حووسییەکان بەرەو سعوودیە، ئێرانی بە پێشێلکاریی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار کردووە.
لە بەرانبەردا ئێران هەموو ئەو تاوانانەی ڕەت کردووە و بانغەشەی ئەوە دەکات کە ئێران هۆکاری سەقامگیریی ناوچەکەیە، ئەمە لە کاتێک دایە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە دەیان چەکداری سوپای پاسداران لەناو حووسییەکانی یەمەن کوژراون و بە دەیان بەڵگە دەست کەوتوون کە ئێران لە ئاڵۆزییەکانی یەمەندا دەستی هەیە.
باسنیوز
