وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دەرفەتى ڕاهێنان لە ئەمەریکا بۆ مامۆستا و توێژەر و قوتابیان ده‌ڕه‌خسێنێت

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دەرفەتى ڕاهێنان لە ئەمەریکا بۆ مامۆستا و توێژەر و قوتابیان ده‌ڕه‌خسێنێت
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەرجەم مامۆستایان و توێژەران و خوێندکاران لە زانکۆکانى کوردستان و ناوەندەکانى خوێندن ئاگادار دەکات، کە بەرنامەى (فۆلبرایت) تایبەت بە دەرفەتی ڕاهێنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی شەش هەفتە دەست پێكردووه‌.



له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ وێنه‌یه‌كیب نێردراوه‌ و تیایدا ئاماژه‌ دراوه‌ به‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ناوەڕۆکى پرۆگرامەکە بریتییە لە دەستنیشانکردنى مامۆستا و توێژەرە نێودەوڵەتییە سەرکەوتووەکان و پاشان ڕەخساندنى سەردانێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا بۆ ماوەى شەش هەفتە، کە تێیدا بەشداریى لە سمینار و وۆرکشۆپى ئەکادیمى تایبەت بە پەرپێدانى پیشەیى دەکات، کە لەلایەن زانکۆی خانەخوێ ڕێکدەخرێ، هەروەک بە زانست و زانیاری و ئەزموونەکانیان هاوبەشیى لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکاران لە زانکۆکان و قوتابخانە ئامادەییە خۆجێییەکان دەکەن، هەربۆیە مامۆستایان لەسەر بنەماى ئەزموون و شارەزای ڕاهێنانى ئەکادیمى و سەرکردایەتى و ئەزموونى پیشەیى دەستنیشان دەکرێن.



ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ زانیارییه‌كانی پڕۆگرامه‌كه‌یه‌:-

ڕێکەوتى پرۆگرام

کۆمەڵەى یەکەم: بریتییە لە مامۆستایان کە لەلایەن فۆلبرایت لە کۆتاییەکانى مانگى 1ى ساڵى 2019 دەست پێدەکات.

کۆمەڵەى دووەم: بریتین لە مامۆستایان کە لەلایەن فۆلبرایت لە ناوەڕاستى مانگى 9ى ساڵى 2019 دەست پێدەکات.

مەرجەکانى پێشکەشکردن:

1- پێویستە پیشکەشکار عێراقى بێت و دانیشتووى عێراق بێ.

2- هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆس و هاوشێوەکانى بێ.

3- لانى کەم پێنچ ساڵ خزمەتى لە بوارەکەى خۆیدا هەبێت و ئەزموونى وانەگوتنەوەى هەبێ.

4- پێویستە زمانى ئینگلیزى بزانێ، یان لایەنى کەم نمرەى 450 کەمترى لە تاقیکردنەوەى تۆفڵ و هاوشێوەکانى نەبێ.

5- پێویستە پێشکەشکار توانایەکى زۆر و بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت بیسەلمێنت کە تواناى سەرکردایەتى لە قوتابخانەکان و ناوەندەکانى خوێندندا هەیە.

چۆنیەتى پێشکەشکردن:

1- بە شێوەى ئۆنلاین دەبێت و خوازیار دەتوانێ لە ڕێگەى ئەم بەستەرە (‪oas.irex.org/fulbrighttea داواکارى پێشکەش بکات، بۆ ئەوانەیش کە دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات، دەتوانن بەهۆى دابەزاندنى فایلى تایبەت بەو بەرنامەیە لە هەمان وێبسایت و دواى پڕکردنەوەى فۆرمەکە دەتوانن بۆ ئەم ئیمەیلەى ‪FulbrightIraq@state.gov ڕەوانە بکەن و داواکاریى پێشکەش بکەن.

2- دوایین کات بۆ پێشکەشکردن ڕێکەوتى 15-2-2018ەیە.



پرۆگرامى ‪Fulbright TEA‬ بۆ دەسکەوت و داهێنانى زانستى، کە لەلایەن نووسینگەى کاروبارى زانستى و ڕووناکبیریى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا سەرپەرشتى دەکرێ، ئەم پرۆگرامە لە ساڵى 1946جێبەجێ دەکرێ، ئەوەش دواى ئەوەى (ولیام فۆلبرایت) سیناتۆرى پێشووترى ئەمەریکا لەوکاتەدا پڕۆژە یاسایەکى تایبەت بەو بوارەى پێشکەش کرد و دواتریش پەسند کرا. بەپێى ئەو یاسایە فۆلبرایت گرانتێک پێشکەش بە خوێندکاران و توێژەران و مامۆستایانى داهێنەر لەدەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دەکات بۆ خوێندن و توێژینەوە و چۆنیەتى وانەگوتنەوە لە ئەمەریکا، ئەم پڕۆگرامە لەوەتەى دامەزراوە لە ساڵى 1946 تا ئێستا زیاتر لە 370 هەزار کەس لە سەرتاسەرى جیهان لێى سوودمەند بوون.
bas news
Top