نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فلاندەرز کۆ دەبێتەوە

 نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فلاندەرز کۆ دەبێتەوە
نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی فلاندەرز لە بەلجیکا کۆ بووەتەوە.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، وەک نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەی بۆرژو، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی فلاندەرز و کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لەو هەرێمە، کردووە.

دلاوەر ئاژگەیی هەروەها رایگەیاندووە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان لەو هەرێمە کۆ بووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان کردووە.

هەروەک ئاژگەیی رایگەیاندووە، هەرێمی فلاندەرز لە سەرەتای هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر کوردستان، بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە.










باسنيوز
Top