سەرۆک بارزانی: پێشێلکردنی دەستوور و نانبڕین ھانی گەلی کوردستانی دا کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن

 سەرۆک بارزانی: پێشێلکردنی دەستوور و نانبڕین ھانی گەلی کوردستانی دا کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین لەگەڵ فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 24/1/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین لەگەڵ فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک و ئەندامانی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کورتەیەکیان لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق، بابەتی ھەڵبژاردنەکان و ھاوکێشە سیاسییەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان خستەڕوو.

ھەروەھا لەو کۆبوونەوەدا، ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕا و سەرنج و پێشنیاری خۆیان لەبارەی چۆنیەتی کارکردن و دانانی چوارچێوەی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ سەرۆک بارزانی باس کرد.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێدا ڕۆشنایی خستەسەر دوایین پێشھاتە سیاسییە ناوخۆیی، ھەرێمایەتی، دەولییەکان و ھەڵوێستی وڵاتانی ناوچە و جیھان لەمەڕ ھەرێمی کوردستان و وردەکاریی ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری شی کردەوە.


پەیوەست بە بابەتی ڕیفراندۆمیش سەرۆک بارزانی جەختی لە ڕەوایەتی و ئاشتیانە بوونی ڕیفراندۆم کردەوە کە مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی کوردستان بووە، ئاماژەیشی بەوەدا کە پێشێلکردنی دەستوور، تەوافوق، شەراکەت و نانبڕینی خەڵکی کوردستان بوو کە ھانی گەلی کوردستانی دا کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا ھەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئەندامانی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.
Top