مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد و عومەر فەتاح بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتییان نەکردووە

 مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد و عومەر فەتاح بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتییان نەکردووە
کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دیارترین سەرکردەکانی حزبەکە بەڕێوە دەچێت.


پەیامنێری (باسنیوز) لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، هۆڵی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی جێهێشتووە، کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی فوئاد مەعسووم بەردەوامە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا کە بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتی، پێویستە ھەموو ئەندامانی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندەکان بەشداری بکەن، ھەریەک لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، عومەر فەتاح و عیماد ئەحمەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە عیماد ئەحمەد ڕایگەیاند کە ناوبراو پاش کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، بڕیاری داوە بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی حزبەکەدا نەکات.

دوای نیوەڕی ئەمڕۆ چوارشەممە 24/1/2018، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، دەستی پێکردووە، ئامانج لەو کۆبوونەوەیەدا، دیاریکردنی کاتی کۆنگرە و چارسەرکردنی گرفتەکانی ناو یەکێتییە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کێشەکانی ناو یەکێتی و ململانێی باڵەکانی ئەو حزبە تاڕادەیەکی زۆر قووڵ بووەتەوە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەوڵی ئەوەیان دا، سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی یەکێتی لە ناوەندەکانی بڕیاردانی حزبەکە دوور بخەنەوە و هەوڵی پەکخستنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشیان دا.











باسنیوز
Top